بۆ بەها نەماوە؟!

بەمەبەست بەها باڵاکان لەم کۆمەڵگەیە دەستێنرێتەوە؛ بەمەبەست میللەت لەناو تەنگەژەو گرفت و نیقاشی بێمانا دەخزێنرێت.
گرفتی گەورەی ئێمە زۆرتر لەم ماوەیەدا لەتۆرەکۆمەڵایەتییەکان زەق بووە و دەرکەوت کە ئێمە لە چ دۆخێکداین؟ لەچ سەردەمێکی بێ بەهاکردنداین؟ و چ کارەساتێکی گەورەمان خولقاندوە؟! ئەمانە دەری دەخات ئێمە دوای جەنگ و دوای چارەکەسەدەیەک لە فەرمان رەوایی خۆی؛ نەمان توانیوە بونیاد کەسێتی تاک لە کۆمەڵ بنێین.. نەمان توانیوە پەروەردەیەکی دروست پێشکەش بە کۆمەڵ بکەین و تاک بەدروستی و بە دیدێکی گەورە گۆشبکەین، وئامادەسازی بکەین؛ بۆ داهێنان و بەرەو پێشچوونی وڵات.
تەنها لەوە بڕوانی کە میللەتێکی پێنج ملیۆنی چۆن دەبێ کە نەتوانرێ داهێنانێکی گرنگ پێشکەش بە مرۆڤایەتی بکات.
یاخود وەک بەکاربەر بمێنینەوە و بەفیعلی وەک میللەتی تەمەڵی پشت ئەستور بە نەوت بێ کاربین و چاومان لەکەوتنە خوارەوەی سێوەکەی نیوتن بێت؛ بەراستیش هەرئەوە کارەساتەکەیە کە ئێستا لە بێکاریدا و کاتمان زۆرە بۆ بەگژاچونەوەی یەکتر..! خۆمان داوەتە دەست قەدەری سۆشیال میدیاو خۆبەتاڵکردنەوە و روبەڕوبونەوەی یەکتر، لە کاتێکدا زۆر نازانین.. بۆ بەگژ یەکدا چوینەتەوە و کێشمەکێشی یەک بۆ دەکەین.
هەرچییەک کە دەخولقێت؛ بەرهەمی بیرو عەقڵی خۆماڵی خۆمانە..!
خۆمان خولقێنەری ئەم دۆخی دڕدۆنگییەی کۆمەڵین؛ هەرلەبەر ئەوەش تیماری برین و حلی راستەقینە لەدەستی ئەو شۆڕشەدایە کە دەبێت وەک ئەڵتەرناتیڤ و رێگەچارە پەنای بۆ بەرین؛ تا رێنسانسی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی و کلتوری پێبکەین، و گۆڕانێکی ریشەی لەم کۆمەڵەدا بکەین.
ئەگەرنا لەناو بازنەی تەنگەژەدا دەمێنینەوە و هیچ بەهیچ ناکەین.
برینە قوڵەکە ئەوەیە کەبە فیکری (ماکیاڤیلی) کە شێوازێکی تەقلیدییە بۆ بەڕێوەبردنی میری؛ ئێمە وەک کائینی مێگەل ئاراستە ئەکرێین.. دیقەت لەوەبدەن چرکەسات.. چارەنوسی ژیانمان دیاری دەکات.
هەرلەبەر ئەوە واچارەکەسەدەیەکە بە تێزی قەیران یەکسانە بە قەیران و تەنگەژە؛ بەردەوامی دەدەین و گرفت و ناکۆکی و دژبەرەی بۆتە کلتورمان. وەک ئەو قسەباوەی کەدەڵێت:”خێر لە جەنگ، و نائارامی و دڕدۆنگیدایە” لەژیانی کۆمەڵایەتیمان ئەوە زۆرتر دەردەکەوێت؛ کە بەماسکەوە جەنگی شکاندن دەکەین و لەروشدا باوەش بۆ یەکدا دەکەین ئەمو کلتورێکی ترسناکانەی خراپە دورە لە عورفی کۆمەڵایەتیمان.
وەک چۆن کۆمەڵناسی عێراقی (عەلی وەردی) باس لە دوفاقی کەسایەتی تاکی عێراقی دەکات؛ ئەو دوفاقییە ئێستا هۆی هەیە. بۆ خۆ دەرخستن و بێ بەهاکردن؛ ئەو دیدە مەترسیدارە. چونکە دەرفەت بۆ وجودی تاک لە کۆمەڵ و دەربڕینی ڕای گشتی ناهێڵێتەوە وادەکات کەبەگشتی ئینسانگەلێکی خاڵی بین لە بەها باڵاکانی کۆمەڵ..
سیناریۆکان لێرە خەریکە ژیان ئاراستە دەکەن.. نازانین سبەی چیتر دەگوزەرێت و چ نالۆژیکیەکی بێ نرخ خۆی دەسەپێنێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا