پۆڵەتیک پرێس
وەزارەتی تەندروستیی ڕایگەیاند، ئەگەر هەڵمەتی کوتان دژی کۆرۆنا ڕێژەی %20ی دانیشتووانی عێراق یاخود بەلایەنی کەمەوە هەشت ملیۆن کەس بگرێتەوە ئینجا ڕەنگە ژیان بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
لەوبارەیەوە جاسب حجامی، بەڕێوەبەری تەندروستیی کەرخ ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی هەتا ئێستا لەعێراق ڤاکسینیان وەرگرتووە گەیشتووەتە زیاتر لە 298 هەزار هاوڵاتی و ئەگەر بەم میکانیزمە بەردەوامبێت ئەوا وەزارەت پێویستی بە 10 ساڵە تا سەرجەم هاوڵاتیان ڤاکسین وەربگرن.
ئاشکراشیکرد، کاتێک ژیان دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی ئەگەر ڕێژەی ئەو کەسانەی لەعێراق ڤاکسینیان وەرگرتووە بگاتە %20ی دانیشتووان.
لایخۆیەوە ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی فەرمی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند، لەکوردستان پێشوازییەکی گەرم بۆ ڤاکسینی کۆرۆنا هەیە و وتیشی: ڤاکسینی کۆرۆنا هیچ مەترسییەک لەسەر تەندروستی هاوڵاتیان دروستناکات.
لەماوەی ڕابردوودا لەعێراق و هەرێمی کوردستان دەستکرا بە دابەشکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا بەسەر هاوڵاتیاندا و هەتا ئێستاش چەندین هاوڵاتی ژەمی یەکەمی ڤاکسینەکانی ئەسترازێنیکا و فایزەر و ڤاکسینی چینیان وەرگرتووە.