هەرێم و بەغدا شكستیان هێنا لە گەشتن بە رێككەوتن

پۆڵەتیك پرێس

لە میانی سەردانێكی مەیدانیدا بۆ سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە سنوری گەرمیان و قەرەتەپە و حەمرین، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، دوای چەندین گفتوگۆی هاوبەش لەگەڵ سوپا و وەزارەتی بەرگری عێراق، نەگەیشتین بە هیچ رێككەوتنێك بۆ پێكهێنانی ناوەندی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە ناوچە جێناكۆكاندا بە مەبەستی پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە جێناكۆكەكان.

بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە، رۆژی 25_4_2021، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، سەردانێكی مەیدانی بۆ سنووری گەرمیان، میحوەری دووی قەرەتەپە ـ حەمرین و لیواكانی (16 و 17)ی پیادە ئەنجام داوە.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكەدا هاتووە، لەمیانی بەسەركردنەوەی كۆتا سەنگەرەكانی پێشمەرگە و مەترسیەكانی تیرۆریستانی داعش لەو ناوچەیە، وەزیری پێشمەرگە وتی: لە ماوەی رابردوودا دوای دانوستان و چەندین گفتوگۆی هاوبەش لەگەڵ سوپا و وەزارەتی بەرگری عێراق، نەگەیشتین بە هیچ رێككەوتنێك، ئەگەر چی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە هەمیشە دەستپێشخەربوە بۆ گەیشتن بەو رێككەوتنە.

باس لەوەشكراوە وەزیری پێشمەرگە داوای لە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراقكردووە راستەوخۆ دەستوەردان بكات تا هەردوو وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی پێشمەرگە بگەنە رێككەوتنی گشتگیر و هەمەلایەنە بۆ پێكهێنانی ناوەندی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە ناوچە جێناكۆكاندا، بۆ ئەوەی بەیەكەوە بۆشایی ئەمنی ئەو ناوچانە پڕبكەنەوە.

بەهۆی ئەو بۆشاییەی ئەمنییەی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە لە ناوچە جێناكۆكەكان، لە ماوەی رابردوو داعش چەندین هێرشی ئەنجامداوە و بەهۆیانەوە زیانی گیانی و مادی لێكەوتووەتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا