پۆڵەتیک پرێس-دیداری فەرهەنگی
سازدانی: دیار لەتیف
داستان بەرزان، ساڵی ١٩٨٧ لە سلێمانی لەدایکبووە. خاوەنی بڕوانامەی دیبلۆم و بەکالۆریسە لە هونەری شانۆدا. چەندین کۆڕ و ڤێستیڤاڵی ئەدەبی بەشداریی کردووە. تاوەکو ئێستا (١٠) کتێبی چاپکردووە لە بوارەکانی شیعر و چیرۆک و یادداشتەڕۆمان و شانۆدا. نەوەی نوێ و وێژەکاری کوردییە، خاوەن کاری ڕژد و بە بەهایە، هەرچەندە پێیەکی لەناو شانۆدایە، وەلێ وەک دەنگێکی پێویست کاریویەتی چالاکییەکانی لە وێژەدا چڕبکاتەوە.
دیار لەتیف: بۆ بابەتی ناساندنی چیرۆک باشترە بەوە دەست پێ بکەم، پێشەوای جیهانناسی مرۆڤ و کۆمەڵگە و ژیانە. بیرمەندان بە ئاوەز و چیرۆکنووسان بە کەرەستەی ئەندێشە دەست دەدەنە نەخشاندنی کەتوار و بەرجەستنەوەی. چیرۆک چووەتە ناو فەلسەفە و بەرەو ئاین چووە و سەرەوەتی ئاینە. بێ لە چیرۆک و شیعرییەت، ئاین دەکەوێتە بەر مەترسی کاریگەری دانەنانەوە. ئاین بە پاڵپشتی چیرۆک، پاڵنەری کاریگەردانانە لەسەر تاک و کۆ. کەواتە چیرۆک ستوونی پشتی ئاینە و ئاین بێ ئەو ستوونە کەمئەندام دەبێت. لەکاتێکدا ڕۆمان شووناسێکی سەرمایەداریانەی هەیە، هاوتای سینەمایە و دوانەیەکی لێک دانەبڕاون. ئەوەی چیرۆک بە نمرەی یەک و لەهەمانکاتدا شیعر بۆ مرۆڤ و بە مرۆڤی دەبەخشن، ڕۆمان پێی ناکرێت.
چیرۆک و شیعر بابەتی باسکردن و وتنەوەن، دەقاودەق یان بە کەمێک پێش و پاشەوە، بەڵام ڕۆمان توانای ئەوەی نییە. سەرەتاکانی چیرۆکی هونەریی کوردی لە هەرێمی باشووری کوردستان، بۆ بیستەکانی سەدەی بیست، بە دیاریکراوی ساڵانی ١٩٢٥ـ١٩٢٦، لەسەر دەستی جەمیل سائیب چرۆی کرد. سائیب لە ڕۆژنامەی ژیانەوە بەشێوەی ئەڵقە ژمارەیی چیرۆکی لەخەومای نووسیوە و بڵاوکردووەتەوە. جگەلەوەی یەکەم چیرۆکی هونەرییە، هەمان وەخت یەکەم چیرۆکی کراوەی هونەرییە و بەمجۆرە دەتوانین بێژین چیرۆکی کوردی بە تەکنیکی کراوە هاتەنووسین.
لەبارەی چۆنییەتی کراوەیبوونییەوە شایەن بە لەسەر وتنە و مەبەستی منیش نییە لێرەدا بەرباسی بدەم. ئەوەی گرنگە بیزانین ئەوەیە چیرۆکی لەخەوما ڕێبازی کەتوارگەریی ڕەخنەگرانەیە و چیرۆکێکی کراوەی هونەرییە و کۆتاییەکەی نووسراوە (ماوێتی). لەڕاستیدا ئەو وشە لەوێدا نە گرنگە و نە بەهاشی هەیە. ڕێبازی چیرۆکەکە لە سەدەی هەژدە و نۆزدە لە ئۆرووپا و ڕووسیا نەشونمای کردووە و نموونەی ڕۆماننووسانی وەک(بەلزاک ـ ستانداڵ ـ ولییەم گۆدووینی ـ تۆڵستۆی ـ دیکنز). مۆرکی ئەم ڕێبازە لە وێژەی کوردی، لە جەمیل سائیبەوە دەست پێدەکات و، پەنجاکان کە ڕژێمی پادشایەتی دەکەوێت، گۆڕانکارییەک لە خەتی بابەتدا ڕوودەدات و سەرهەڵدەدات، هەرچەندە هێزی ئەم ڕێچکە تاوەکو ئێستا بە شێوازی گۆڕێنراو درێژەی هەیە.
پاش لەخەوما، چیرۆکنووسانی دیکەی وەک(ئەحمەد موختارـ حسێن عارف ـ پیرەمێردـ شاکر فەتاح ـ عەلادین سەجادی ـ حسێن حوزنی ـ ئیحسان موستەفا ـ فایەق زێوەر ـ محەرەم محمد ئەمین ـ محمد مەولود مەم ـ مستەفا ساڵەح کەریم ـ کاکە مەم بۆتانی ـ کاوس قەفتان ـ جەماڵ بابان ـ جەماڵ نەبەزـ کامەران موکری) بەردەوامیان بە ڕەوتی ڕەگەزی چیرۆکی کوردی دا. هەرچەندە حسێن عارف وردترێک لە کتێبی چیرۆکی هونەریی کوردی ئاماژەی بەم ناوانە داوە و ئەوەی کە زۆر جێی سەرنجە، لێکۆڵینەوەکەی تاوەکو شەستەکانی چیرۆکی کوردی کردووە، کە زۆر پێویست بوو دەیەی شەست و هەفتاکانیشی لە خۆ گرتبا، ئەو دوودەیەی چیرۆکی کوردی بۆ توێژینەوەکە پیتاک دەبوو بە هۆکاری ئەوەی چیرۆکنووسێکی وەک سەدرەدین عارف، کە ڕێک لە شەست و حەوتەوە پاش حسێن عارف نەخشەی چیرۆکی کوردی لە کەشوهەوای لادێوە بۆ شارستانێتی سەپاند و نەکەوتە ژێر هەژموونی ئایدۆلۆژیای زاڵی قۆناغەکەوە.
ڕۆژنامە و گۆڤار ڕۆڵی ڕۆشنکەرەوەی بەرچاویان لەسەرخستنی چیرۆکی کوردیدا گێڕاوە، گەر ڕۆژنامە و گۆڤار نەبان، زۆرینەی چیرۆکی کوردی نەدەهاتنە بەرهەم. چاپەمەنی گەشەی بە چیرۆکی کوردی دا، لە ئەگەری نائامادەیی ڕۆژنامە و گۆڤاردا جێی گومان نییە چیرۆکی کوردی درەنگترێک لەوادەی خۆی سەری هەڵدەدا.
ستەمێک بەرامبەر وێژەمان کرابێت لە چاپ نەدانەوەی سەرجەم ئەو چیرۆکانەیە لە ڕۆژنامەگەری کۆنی کوردیدا هەن. چاپدانەوەی لەچەند بەرگێکدا لەژێر ڕەچاوی ڕێنووس و خاڵبەندی و ڕستەسازی ڕێزمانی کوردی، دەبێتە هۆکاری پتەوکردن و ڕێکخستنەوەی پەرشی لەئارابووی چیرۆکەکان، ڕیزکردنی بەپێی بەرواری ساڵی بڵاوکردنەوەی چیرۆکەکە و لە فەوتان ڕزگارکردنی سامانێک لە وێژەی کوردی.
خاڵێکی زەق لە بەشێکی زۆری چیرۆکی پێشینمان ئاشکرایی و ڕاستەوخۆییە؛ بەر وتاردان و پەند و ئامۆژگاری دەکەوین، ئەوەش خەساری کوشندەیە، ئایا لادان لە ڕێڕەوی هونەریی لە پێناو گەیاندنی پەیامدا بووە؟ پەیام قووربانیپێدەری ڕەگەزە هونەرییەکە بووە، ئایا خێرایی لە گەیاندنی پەیامدا وێژە دەخاتە دۆخی پابەندبوونەوە؟
بەشێوەیەکی گشتی کەمینەیەک چیرۆکنووسمان هەن، نەکەوتوونەتە ژێر هەژموونی مێگەلنووسییەوە. تەماشای مێژووی چیرۆکی پێشینمان بکەین دەبینین شاعیران ڕۆڵی بونیادنەریان لە دامەزراندن و جێگرکردنی ڕەگەزی چیرۆک لە وێژەی کوردیدا هەبووە، نموونەی وەک: ئەحمەد موختار ـ پیرەمێرد ـ فایەق زێوەر ـ ئێبراهیم ئەحمەد ـ و هتد. ئایا هۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟.
بابەتی تەنز لە چیرۆکی کوردی، دەکرێت سەرەتای چیرۆکە خەندەیییەکان بۆ چیرۆکنووسانی وەک: سەلامی شاعیرـ عەلادین سوجادی ـ حسێن حوزنی، بگەڕێندرێتەوە؟ تەنز وەک حاڵەت لە چیرۆکی هەریەک لەم چیرۆکنووسانە دەرکەوتەی هەبووە. بەڕێژەیەکی کەمیش بێت بەشدارییان لەم ڕەگەزەدا هەبووە. ئایا چیرۆکنووسانی پاش ڕاپەڕین توانیویانە تەنز لە چیرۆکدا بڕەنگێنن؟ ئایا چیرۆکی کوردی مافی بە نەخشاندنی ڕەگەزی تەنز داوە؟ گرنگی تەنز بۆ چیرۆک چییە؟
قۆناغی تازە شێوەی نوێی گوزارشتی لەگەڵ خۆی هێنا، لە کۆتاییەکانی سەدەی بیست جۆرێک لە وێژە سەری هەڵداوە بە ئەدەبی سەردیوار ناوزەد دەکرێت. ئەم تەرزە شێوە نوێیە پێرفۆرمانسە وێژەییە لە سەروەختی نا ئارامی و ناسەقامگیری مۆرکی خۆی دەسەپێنێت. چ لە شۆڕشەکان و چ لەخۆپێشاندانەکان سوودی زۆر لەم تەرزە وێژەییە وەردەگیرێت. ئەم تەرزە وێژەییە کە وێژەی سەر دیوارە، چووەتە ناو مەجازەوە. لەتۆڕی کۆمەڵایەتیدا شێوە دەربڕاوێک درووستبوو بەناوی هاشتاگ؛ هاشتاگ ڕستەیەک، یان کۆپلەیەکی چڕکراوی زمانەوانییە و خاوەن پەیامێکە. دەکرێت بە چرکانە چیرۆک بیناسێنین، چرکانە بە واتای چیرۆکی ڕستەیی و کورتیلە چیرۆک. پەیام زاڵترە لە هونەرکاری و لەهەمانکاتدا ڕووداو لەگەڵ گڕێچن ئامادەیی نییە. پێکداچوونەوەی نێوان ڕەگەزەکان و ئاوێتەبوونیان و کشانەوە و لق لێ بوونەوەی، وادەکات فۆرمی تازە بێتە سەرهەڵدان. ڕەهەندی مرۆڤدۆستی لە قۆناغی نوێی چیرۆکی کوردی و ڕەهەندی بەرگری لە قۆناغی کۆنی چیرۆکی کوردی ئامادەییان هەیە، چیرۆک پێش ڕەچاوکردنی ڕەهەندی مرۆڤدۆستی و بەرگری، پێویست دەکات هونەریی بێت. ئاخۆ شەقڵی چیرۆکی چیرۆکنووسانی پاش ڕاپەڕین و چیرۆکنووسانی دوای دوو هەزار و دە، لە چیدایە؟ ئایا جیاوازییەکان زۆرترێکن، یان لێکچوونەکان؟
داستان بەرزان: چیرۆکی کوردی لە سەرەتاکانیدا چەشنە چیرۆکێکی هونەری نەبووە، ئەوەندەی نووسەرانی ئەو بوارە وەک جۆرێک لە واعیز و ڕێنیشاندەر، زیاتر گرنگییان بە پەیامداوە، جگە لەوەی بە بیانووی بوونی بۆشاییەک لە ئەدەبی کوردییدا نووسیوویانە، کە ئەوە بیانوویەکە تاکو بڵێیت خراپ، بریا چیرۆکی کوردی هەر نەبووایە و لە هەمبەردا هەندێک نووسینی خراپیشمان بە ناوی چیرۆکەوە نەخوێندایەتەوە. ئەم دۆخەی چیرۆکی کوردی بەردەوامی دەبێت تاکو دەگاتە نزیکی ڕاپەڕین، لەو دەمە بەدوا چیرۆکی کوردی بەرەو هونەری بوون هەنگاو دەنێت، لەو میانەیەدا لە ڕووی بابەتیشەوە گۆڕانکانی بونیادیی بەسەردا دێت، یەکێک لەو گۆڕانکارییانەی لە ڕووی بابەتەوە بەسەرییدا دێت ئەوەیە خۆی لە بابەتە گشتییەکان دەرباز دەکات و ڕوو دەکاتە بابەتە خودییەکانی مرۆڤ، هاودەم لە کۆمەڵگا خۆی دەبوێرێت و تیشک دەخاتە سەر تاک، نمونەی بەرچاوی ئەم چەشنەش لە چیرۆکی کوردییدا، چیرۆکەکانی چیرۆکنووس (حوسێن عارف)ن. پاش ئەویش ئەوەی وەک باهۆزێک دێت و ڕەوتی چیرۆک دەگۆڕێت چیرۆکنووس(شێرزاد حەسەن)ە کە ئەزموونێکی فراوان و هەڵقوڵاو لە گیانی مرۆڤەوە دەهێنێتە کایەوە، ئەو کەیسی تاک و گرفتە خودییەکان یەکجار قوڵ و ناوازە دەکاتە بابەتی چیرۆک دەستبەرداری عەشامات دەبێت، لە زەمەنێکدا نەتەوەی کورد وەک پێویست لە خۆی تێنەگەیشتبوو. ڕیسکێکی گەورەیە چیرۆکنووسێک بێت و خود بەیان بکات و سەرنجی هەمووان بەلای بەرهەمەکانییدا ڕابکێشێت. جگە لەوەی ئەو نووسەرە لە ڕووی هونەرییشەوە گۆڕانکاری ڕیشەیی دەهێنێتە کایەوە، هەر ئەوەشە وایکردووە چیرۆکی ئەو تاکو ئێستاش بخوێندرێتەوە، نەک ئەوەندە بگرە بۆ ئەوەی لە قۆناغێکی فراوانی چیرۆکی کوردی تێبگەیت و ئەو جیاوازییە بونیادییانە بدۆزیتەوە کە لەگەڵ چیرۆکی پێشتردا هەیەتی، پێویستە گەڕانی ورد بە ناو چیرۆکی ئەو نووسەرە پێشەنگەدا بکەیت. بەکورتی بەو تێگەیشتنەی تاکو ئێرە هەمە؛ هەموو چیرۆکی پێش (شێرزاد حەسەن) لەلایەک و چیرۆکەکانی (شێرزاد حەسەن) لەلایەک.
لایەنێکی دوای ئەم بەشەی بۆچوونەکانم لەسەر ئەو پەڕەگرافەی نووسیووتانە ئەوەیە: هونەری چیرۆکنووسین مەودایەکی فراوانی تێدایە بۆ بەکارهێنانی بابەتی جیاواز، جا تەنز بێت، یان توندوتیژی، یان کێشە خودییەکانی مرۆڤ هەتاکو بابەتەکانی وەک سێکس و سیاسەت و سەرمایە و بگرە سەمەنیش.مەبەستمە بڵێم پانتاییەکی زۆر لە چۆڵەوانی لە ئەدەبیاتی ئێمەدا هەیە، ئەم چۆڵەوانییەش بە یەک و دوو نووسەری بە توانا شێوەیەکی تایبەت بە خۆی وەرناگرێت، بە گشتی تەنز ئەگەر پێویستی بێت هۆکارێکە بۆ دروستکردنی چێژ لە پێناو گەیاندنی بابەتدا، یان دەبێتە تەواوکەری بابەت و لایەنەکانی دیکەی چیرۆک، واتە نەکاربردنی تەتز بێ مەبەست نییە، یان تەنیا لە پای ختوکەدانی خوێنەردا بۆ دروستکردنی پێکەنین، هەرچەندە پێکەنینی پەتیش بەهای خۆی هەیە و کەم نییە لەم زەمەنەدا بتوانیت لە ڕێگەی ئەدەبیاتەوە مرۆڤ بخەیتە پێکەنین، مەبەستمە بڵێم: مرۆڤی ئەمڕۆ لە پەیامی کەم نییە. بەڵام پەیامەکان شتێکی ئەوتۆیان بۆ نەکرد!
بەشێکی دیکەی بۆچوونەکانم سەبارەت بە جیاوازی وای تێگەیشتووم کە مەرج نییە تەنیا لە شێوەدا بێت، بەو مانایە بێت مرۆڤایەتی لە پاش چیرۆکەکانی چیخۆف و موپاسان و ئۆهێنری و دۆراس و چەند دانەیەکی دیکە، چیتر پێویستی بە چیرۆک نییە! بەڵام بە پێچەوانەوە، هەر سەردەمێک جۆرێک لە چیرۆک دەخوازێت، کە لە هەموو ڕوویەکەوە جیاواز بێت لە چیرۆکی سەردەمەکانی پێشوو. ئێمە گرنگی چیرۆکی (چای شیرین)ی (حوسێن عارف) لەوەدا دەبینین کە جگە لەوەی لەڕووی شوێن و بابەتەوە بۆ سەردەمی خۆی نوێ بووە، هاوکات هەڵگری تایبەتمەندییەکانی سەردەمەکەی خۆیەتی، واتە بەبێ لەبەرچاوگرتنی سەردەمەکەی، ئەو چیرۆکە لە بەسەرهاتێکی سادەی دوو دڵدار زیاتر نییە، کە تەنانەت جۆر و شێوازی دڵدارییەکەشیان لەگەڵ ئەم سەردەمەدا ناگونجێت! ئەمە بۆ چیرۆکی (لە خەوما)ی (جەمیل سائیب)یش هەر وەهایە. لەوان و هاونەوەکانیان بترازێت (شێرزاد حەسەن) سەرباری ئەو وەرچەرخانەی لە چیرۆکی کوردییدا دەیکات، بە تایبەت لە ڕووی بابەت و هونەری چیرۆکەوە، هاودەم کارێکی گرنگی دیکە دەکات کە لینکی نێوان ئەو دوو سەردەمەیە، ئەوەی بە (سەردەمی پێش ڕاپەڕین و پاش ڕاپەڕین) ناودەهێنرێن. وەکو دیکە ئەوەی سیمای هەرە دیاری چیرۆکی پاش ڕاپەڕینە، جگە لە بابەت کە کاریگەرتر لە پێش خۆی ڕۆدەچیتە ناو گرفتە خودییەکانەوە، لایەنی تەکنیکە، تەکنیک سیفاتە هەرە دیارەکەی چیرۆکی ئەو قۆناغە، لەوێوە چیرۆکی کوردی لە گێڕانەوەی پەتی دەبازی دەبێت و دەبێتە چیرۆکێکی هونەرییتر، ئەو هۆکارەش وادەکات ژمارەی چیرۆکە باشەکانی پاش ڕاپەڕین کەم بن، لەبەر ئەوەی لەوەبەدا چیرۆکنووسی کورد چیتر گێڕەرەوەیەکی سادە نییە و بەسەرهاتێکمان بە زمانێکی پەخشانئامێز بۆ بگێڕێتەوە، بەڵکو هونەرمەندێکی بەهرەدارە کە توانای خەیاڵسازیی هەیە، وەک ئەوەی لە چیرۆکەکانی (ڕێبوار حەمەڕەحیم، عەتا موحەمەد، فاروق هۆمەر، ئارام کاکەی فەلاح، یوسف عیزەدین، سیامەند هادی، هەورامان وریا، دانا فایەق، و چەند دانەیەکی دیکەدا) دەبینرێت، لەگەڵ بەردەوامی بەشێک لەو چیرکنووسانەدا، ئەگەر تەماشای چیرۆکی پاش دووهەزار بکەین دەبینین چیرۆکی کوردی لەم بەشەی کوردستان بەرەو لاوازی هەنگاو دەنێت، بە ناوی جیاوازیی و نوێخوازییەوە، لە ژێر کاریگەیی شەپۆلێکی دیارییکراوی چیرۆکدا بە ناوی (شەپۆلی هۆش) نمونەی باڵای ئەمەش نووسەرانی وەک (سادقی هیدایەت و کافکا و چەند دانەیەکی دیکە) بە هەڵە دەکەنە پێشەنگی خۆیان، چونکە وەک دواتر دەبینین چیرۆکی هەریەک لەو نووسەرانەش لە ڕووی شێواز و تەکنیک و بابەت و ڕەگەزەکانی دیکەی چیرۆکەوە، بەو جۆرەنین کە چیرۆکنووسانی ئەو ماوە دیارییکراوە تێیگەیشتوون.
ڕاستە شەپۆلێک بەو ناوە هەیە و تابڵێیت سەرنجڕاکێشە و نووسەرانی مەزنی جیهان کاریان پێکردووە. بەڵام ئەوەی لەو تاک و تەرا نووسەرەمان بینی ئەوە نەبوو!
من بۆخۆم کە چیرۆکەکانی (سادقی هیدایەت)م خوێندەوە بۆم دەرکەوت کە ئەدەبیاتی ئەو نووسەرە هەمووی (کوندەبەبوی کوێر و زیندەبەگۆڕ)نییە، بەڵکو جیهانی چیرۆکنووسینی ئەو نووسەرە لەوە فراوانترە و کارەکانی دیکەی شێواز و سەلیقەی دیکەی هونەری چیرۆکنووسینن، ئەمە لە پێناو کەمکردنەوەی بەهای داهێنەرانەی ئەو چیرۆکانە نییە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە و دەمەوێت ڕوونتری بکەمەوە ئەوەیە کە پێویستە تێبگەین گریمان بەو جۆرەش بوو، چ پێویستییەکە وەها دەکات چیرۆکی کوردی کە بڕیارە ببێتە ناسنامەیەک بۆی لە ژێر ڕۆشنایی ئەوانەدا خۆی بگۆڕێت و بەرەو ئاڕاستەیەک بڕوات کە هیچ لینکێکی بە کۆمەڵگا و ژیانی مرۆڤەکانییەوە نییە و هاودەم نیشاندەری خەم و کێسشەکانی سەردەمەکەی نیین و لە داهاتوودا وەک ئەوەی سەبارەت بە چیرۆکی (چای شیرین) گوتمان، هەڵگری گیانی سەردەمەکەی نەبێت؟ هەرچی (فرانس کافکا)شە چیرۆکنووسێکی هونەرمەند و خاوەن فیکرێکی گەورەیە و ڕۆدەچێتە فەلسەفەیەکی ئاڵۆزی مرۆییەوە و چەشنەی ئەو تەرزە لە چیرۆکنووس دەیبینن وڕێنەکار و بێسەروبەر نییە. بۆ پاڵپشتی ئەم بۆچوونەش دیارترین بەرهەمی ئەو نووسەرە وەردەگرین کە (بەدگۆڕان)ە لەو بەرهەمەدا تێدەگەین کە ئەو چەند کۆکراوە و بەئاگاییەوە هاودەم بە چ دیدێکەوە مامەڵەی لەگەڵ چەمکی (metamorhposis)دا کردووە، کە ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ لای (ئۆڤید) و کتێبە بەناوبانگەکەی بەو ناوە، لەویش دێرینتر ئەفسانەکان و پەیکەر و تابلۆ دێرینەکان، کە پڕیانە لە دۆخی وەرچەخانی مرۆڤ بۆ فۆڕمی دیکە، بەڵام کافکا چەند داهێنەرانە لە سەردەمێکی دیکەدا کاری تێدادەکاتەوە و ئەو بەرهەمەی دەکاتە یەکێک لە لوتکەکانی ئەدەبیاتی مۆدێرن. بەهەحاڵ لەو چەند ساڵەدا دەستەیەک لە نووسەری گەنج کۆمەڵێک چیرۆکی هاوشێوەی یەکتر دەنووسن، کە بێپەروا سادە و لاوازن و لە لاساییەکی نەشارەزایانەی ئەو نووسەرانە بترازێت هیچی دیکە نین! لێ ئەم دۆخە مەودایەکی زۆر نابڕێت و بەهۆی شەپۆلێکی باشی وەرگێڕانی ئەدەبیاتی نوێی جیهان و نەوەیەکی نوێی زمانزان و ئاگادار لە ڕەوتی چیرۆک لە دونیادا، چیرۆکی کوردی بە کارەکانی هەندێک گەنج بەرەو ڕێڕەوێکی هاوچەرخی بە بنەما دەڕوات، هەریەک لەو بەهرانە لە هەوڵی دروستکردنی چەشنێکی تایبەتمەندی چیرۆکدان و بەردەوام لە هەنگاوناندان بۆ پێشەوە، بەڵام بەوپێیەی هێشتان ئەم قۆناغەی چیرۆکی کوردی لە خۆبونیادنان و شێوەبەخۆداندایە، بە پێویستی نازانم ناوی نووسەرانی ئەم قۆناغە بهێنم باشترە لێگەڕێین بۆ داهاتوو، پاشان دەبێت لەوەش ئاگادار بین، هەموو ئەوانەی لە ئێستادا لە ژیاندان و بەردەوامن لە نووسین، نووسەری هەمان سەردەمن و ناکرێت بە ئارەزووی خۆمان بە پێی ساڵ بکەوینە قۆناغبەندکردنیان.
ئەوەی دیکە لەم تەوەرەدا بە پێویستی بزانم لەبارەیەوە سەرنجی خۆم بدەم. بابەتی ژانرە، چونکە بابەتێکە لە ئەدەبی نوێدا گرفتی زۆری بۆ دروستبووە، بە چەشنێک کەم نین ئەو بەرهەمە ئەدەبییانەی خۆیان لە ژێر هیچ کام لە جۆرەکانیدا پەیوەست ناکەن و مەبەستیانە ئازادتر بن لەوەی خۆیان بە وەها بابەتێکەوە ببەستنەوە، لە ئەدەبی ئێمەدا بڕێکی زۆر لە بەرهەمەکانی شاعیر شێرکۆ بێکەس لە جۆری ئەو کارانەن کە یارییەکی هونەریی نایاب لە نێو ژانرە جیاوازەکاندا دەکەن و لە ئاکامدا خوێنەر دەخەنە ژێر ئەفسونێکی گەورەوە. ئەمە لە هونەری نوێشدا بوونی هەیە و هونەرە هاوچەرخەکانی پێرفڕمانس و ئینستلەیشن و سەرجەمی ئەوانەی دەچنە خانەی هونەری کۆنسێپتەوە (consept art) هیچ کام لە بنەما باوەکانی هونەرە جیاوازەکان لە خۆناگرن و هاودەم دەکرێت بڵێین هەمووشیانن، ئەم بەیەکداچوونە بە جۆرێکە ئاسان نییە بوار بدەن بە سانایی بتوانین ناسنامە هونەرییەکەیان دەستنیشان بکەین، ئەوەندەی تێشبگەم وەرگری مۆدێرنێش بەو ڕادەیە خۆیان بە وەها بابەتێکەوە سەقاڵ ناکەن ئەوەندەی مەبەستیانە چێژ و مانایەکی ئەگەر ڕاگوزەریش بێت وەربگرن. سەرەنجام ئەم بڕگەیەی کۆتایی بەبەتێکی گرنگی لابورەکانی زانکۆ و دامەزراوەکانی هونەرە لە دونیادا، لەم ساڵانەی دوایشدا لەسەر ئاستی تیۆر و پراکتیک چەند هەوڵێکی دیارییکراو کەوتنەبەرچاو.