من كچی بەسڕەم.. تێیدا دەژیم‌و دەشمرم

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
نور ئەلعەرادی میدیاكاری عێراقی، لەكاتێكدا هەواڵی تیرۆكردنی ریهام یەعقوبی هاوڕێی لەڕێی وەتسئاپەوە بیست، وەك هەر عێراقییەكی دیكە تووشی شۆك بوو، چونكە پێشبینی هەواڵێكی لەم شێوەیەی نەدەكرد.

ریهام یەعقوب، لەدوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٨ رووبەرووی چەندین هەڕەشە بووەوە، بڕیاریدا لەبەشداریكردن لە خۆپیشاندانەكان بوەستێت و خۆی بۆ خوێندنەكەی و كارەكەی تەرخان بكات، لەوبارەیەوە نور بەماڵپەڕی بی بی سی وت: خەڵكانێكی زۆر ئامۆژگاری ریهامیان كرد بەسڕە بەجێبهێڵێت، بەڵام ئەو هەمیشە دەیوت: “من كچی بەسڕەم.. تێیدا دەژیم و دەشمرم”.

ریهام یەعقوب كێیە؟
ریهام یەعقوب كچە چالاكوانی شاری بەسڕە بوو، خوێندكاری دكتۆرا بوو لەكۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەكان، هاوكات وەك وانەبێژ لە زانكۆی بەسڕە كاری دەكرد، لەلایەكی دیكەوە خاوەنی یانەیەكی وەرزشی بوو، كە تایبەت بوو بە راهێنانی توانای جەستەیی، لەگەڵ ئەوەشدا توێژەر بوو لە بواری زانستی خۆراكپێدان، سەرباری ئەوانەش، ئامادەكار و پێشكەشكاری بەرنامەیەك بوو لە رادیۆی رەشید ئێف ئێم، لە ساڵی ٢٠١٩ لە راپرسییەكی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا وەك یەكێك لەكاریگەرترین كەسایەتییە ژنەكانی عێراق هەڵبژێردرا.

 

ریهام یەعقوب كچە چالاكوانی شاری بەسڕە بوو، خوێندكاری دكتۆرا بوو لەكۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەكان

 

لە ساڵی ٢٠١٦دا، نور و ریهام یەكتریان ناسی، لەو كاتەدا، كە نور كۆلیژی راگەیاندنی بەسڕەی تەواوكرد، ریهام خوێندكاری ماجستێر بوو، دواتر نور میوانداری كرد بۆ بەرنامەیەكی خۆی و لەدوای ئەوەوە، بەهۆی پەیوەندی كردنی نور بەیانە وەرزشییەكەیەوە، هاوڕێیەتیەكەیان پتەوتربوو.

نور دەشڵێت: ریهام لایەنێكی گرنگی كۆمەڵگەكەمان بوو، ئەو ژنێكی نایابی شارەكە بوو، كە خاوەنی تایبەتمەندی خۆی بوو، یانەكەی وەك كۆمەڵگەیەكی ژنان وابوو، لەدوای هەر راهێنانێك هانی هەموویانی دەدا هەتا بخوێنن و گرنگی بە خۆیان و تەندروستییان بدەن و دەشیوت، زۆر ئاساییە ژن ئیشكەر و تێگەشتوو بێت و تەنیا ئامانجی ئەوە نەبێت هاوسەرگیری بكات و پیاو بەخێوی بكات.

 

ریهام لە ساڵی ٢٠١٣ەوە وەك راهێنەری توانای جەستەیی كاری كردووە، لە هەمان ساڵدا لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگای بەسڕە دەستی بە كار كردووە، ئامانجی سەرەكی ریهام ئەوە بووە، رەفتار و دابونەریتە باوەكان بگۆڕێت و هانی ژنان بدات بۆ جوڵە و وەرزشكردن.

نور ئەوەش دەڵێت: تەنانەت لەدوای دووركەوتنەوەشی لە خۆپیشاندانەكان، بەهۆی چالاكی و كاریگەرییەكەیەوە ناوی بەدیاریی مایەوە و ئەوەی لە مێشكی ژناندا چاند، كە بەشێكی گرنگی كۆمەڵگان، ئەم بیرۆكەیەش وردە وردە شۆڕبووەوە بۆ ناو خێزانەكان و چینێكی زۆری بەئاگا هێنایەوە.

 

بە قسەی نور، ریهام بەر لە چەند ساڵێك لە بەسڕە هانی ژنانی داوە بۆ خۆپیشاندان، بەتایبەت لەو شارەدا، كە بەشێوەیەكی گشتی دابونەریتێكی خێڵەكیانەی هەیە

 

بە قسەی نور، ریهام بەر لە چەند ساڵێك لە بەسڕە هانی ژنانی داوە بۆ خۆپیشاندان، بەتایبەت لەو شارەدا، كە بەشێوەیەكی گشتی دابونەریتێكی خێڵەكیانەی هەیە، ئەمەش وایكرد، دانیشتوان وا لێی بڕوانن، كە دژی دابونەریتە باوەكانی بەسڕەیە، هاوكات، لە ساڵی ٢٠١٥دا هانی ژنانی دەدا چۆن بەئازادی بەسەر شەقامەكاندا هاتوچۆ بكەن و لەكەسانی نەناسراو نەترسن، گوێش نەدەن بەو توانجانەی كۆمەڵگا لەسەر وەرزشكردن لێیان دەدەن.

لە ساڵی ٢٠١٨دا، لە پێناو مافەكانی خەڵكی بەسڕە بەشداری خۆپیشاندانەكانی كرد و لەناو هەموواندا بە بێ ترس هوتافی دەكێشا و داوای دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەكانی دانیشتوانی شارەكەی دەكرد لەوانەش، كارەبا و ئاوی خواردنەوە.

رۆژی چوارشەممە ١٩ی ئابی ٢٠٢٠، چەكدارانی نەناسراو تەقەیان لە ئۆتۆمبیلێك كرد، كە چوار ژنی تێدابوو، بووە هۆی كوژرانی دووانیان، كە یەكێكیان ریهام یەعقوبی دكتۆر و چالاكوانی مەدەنی بوو.

لەماوەی ئەم هەفتەیەدا، كوژرانی ریهام بووە سێیەم رووداوی لەو جۆرە، كە تێیدا چەكبەدەستان چالاكوانە سیاسی و مەدەنیەكانیان كردە ئامانج، دوابەدوای ئەوەش مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق فەرمانی بەهێزەكانی پۆلیس و ئاسایشی نیشتیمانی بەسڕە كرد، لێكۆڵینەوە لەو شەپۆلی توندوتیژیە بكەن کە عێراقییەکانی توڕە کردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا