“بڕیارەكەی پارتی لە كەركوك جارێكی تر بە قوربانیكردنی ئەو شارەیە”

پۆڵەتیك پرێس

هەریەكە لە گۆڕان و كۆمەڵ لەبارەی بڕیاری پارتی بۆ بەشداری كردنی لە هەڵبژاردن لە شاری کەرکوک بە تەنها بە كارێكی خراپ دەزانن، سكرتێری مەكۆی گۆڕان لە كەركوك دەڵێت، بڕیارەكە بەقوربانی كردنی كەركوكە بۆ جارێكی دیكە، بەرپرسی راگەیاندنی مەڵبەندی كۆمەڵیش لەو شارە رایدەگەیەنێت، بارودۆخی كەركوك وا دەخوازێت لایەنە سیاسییە كوردییەكان پێكەوەبن.

محەمەد جەلیل، بەرپرسی راگەیاندن و هەڵبژاردنی مەڵبەندی كەركوكی كۆمەڵی دادگەری بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: هەرچەندە لایەنە سیاسییەكان ئازادن چۆن بەشداری هەڵبژاردن دەكەن، بەڵام بارودۆخی كەركوك وا دەخوازێت هەموو لایەنە سیاسییە كوردییەكان لە كەركوك پێكەوەبن.

وتیشی: ئەگەر لە كەركوك یەك لیست نەبین دەرەنجامەكەی خراپ دەبێت.

لای خۆیەوە محەمەد نەسرەدین سكرتێری مەكۆی كەركوكی گۆڕان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: بڕیارەكەی پارتی بە بەشداری كردنی بە شێوەی سەربەخۆ لە هەڵبژاردن بۆ پارێزگای كەركوك بیركردنەوەیەكی تەسكی حزبایەتییە و دووبارە بەقوربانی كردنی كەركوكە لە پێناو بەرژەندەحیزبییەكانی خۆی، وەك چۆن لە رابردووش ئەوەی سەلماندووە كە ئەولەویەتی ئەو حزبە لە ناو شاری كەركوك هەر بەرژەوەندی حزبی بووە.

سكرتێری مەكۆی گۆڕان لە كەركوك وتی: لەپێناو ئەوەی كورد تووشی شكستێكی دیكەنەیەت لە كەركوك لەگەڵ ئەوەین هێزە سیاسییە كوردییەكان بە هاوپەیمانی بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بكەن.

تا ئێستا حزبە سیاسییە كوردییەكان لەسەر ئاستی پارێزگای كەركوك چەندین كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە بە مەبەستی دروستكردنی یەك لیست بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بەڵام تا ئێستا نەگەشتوونەتە بڕیاری كۆتایی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا