پۆڵەتیك پرێس
بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، دەیانەوێت ئاستی بەرهەمهێنانی ئاو لەهێلی یەكەمی دوكان – سلێمانی بۆ دووهێندە زیاد بكەن تا كێشەی هەبوونی كەم ئاوی لەسنوری سلێمانی و هەندێك لەناوچەكە چارەسەر بكەن.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی كوردستان بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، لەماوەی رابردودا دەست بەنۆژەنكردنەوەو چاككردنی پڕۆژەی هێڵی یەكەمی ئاوی دوكان – سلێمانی كراوە و بڕی 18 ملیار دیناری بۆتەرخانكرا و لەقۆناغی یەكەمیدا بەبڕی 15 ملیاردینار كار لەپڕۆژەكەدا كراو 3 ملیار و 850 ملیۆن دینار مابوو بۆ تەواوكردنی تەواوی كێشەكانی پڕۆژەكە ئەوەش رەزامەندی سەرفكردنی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ دەرچووە.
وتیشی،”بەتەواو بونی كاركردن لەپڕۆژەی هێڵی یەكەمی ئاوی دوكان – سلێمانی توانای بەرهەمهێنانی ئاو لە سێ هەزارو 200 مەتر سێجا بۆ شەش هەزارو 400 مەتر سێجا فراوان دەبێت”.
باسی لەوەشكرد، جگە لەكاركردن لەهێڵی یەكەمی ئاوی دوكان چوار ملیار دیناری دیكە ش تەرخان كراوە بۆ كڕینی پەمپ و ماتۆڕ و بەستن و رێكخستنی پەمپەكان و تەواوی پێداویستییەكان بۆ پڕۆژەكەیە.
بەوتەی بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی كوردستان پڕۆژەی یەكەم و دووەمی ئاوی دوكان كاری تێدا دەكرێت بەجۆرێك هێڵی دووەم كاری پەرەپێدانی بۆ دەكرێت و هێڵی یەكەمیش بەگشتی نۆژەندەكرێتەوە
ئاماژەی بەوەشكرد، دوای تەواوبوونی كاركردن لەپڕۆژەی هێڵی یەكەمی ئاوی دوكان كێشەی كەمی ئاو لەسنوری سلێمانی و قەزای چەمچەماڵ و ئەو ناوچانەی لەو هێڵە ئاو وەردەگرن چارەسەردەبێت.