پۆڵەتیك پرێس:
نوێنەرانی عەرەب و توركمان لەپارێزگای كەركوك، گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ پارێزگاكەیان بە “شكست” ناو دەبەن
عەرەبو توركمانەكان لەسەر كردنەوەی ناوەندی هەماهەنگی نێوان هێزەكانی فیدراڵی عێراق و پێشمەرگە لە سنووری ئیداری پارێزگای كەركوك بەیاننامەیەكیان دەركردووەو دژایەتی خۆیان بۆ ئەو پرسە راگەیاندووە.
ئەو دوو پێكهاتەیە لەبەیاننامەیەك رایانگەیاندووە، كە گەڕانەوەی پێشمەرگە پێچەوانەی دەستووری عێراق و بڕیاری ژمارە 68ی ساڵی 2017 یە، كە لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەرچووە، كە بڕیارەكە حكومەتی ناچاركردووە هێزی فیدراڵی هەبێت بە تایبەت لە كەركوك.
هەروەها رایانگەیاند، پێداگری حكومەتی بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە، ئەو دەستكەوتانەی لەكەركوك بەدەست هاتوون دەخاتە ژێر پرسیارەو شكستێكی گەورەشە بۆ حكومەت.
نوێنەرانی توركمان و عەرەب گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ سنووری ئیداری پارێزگای كەركوك ڕەتدەكەنەو داوا لە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دەكەن ئەو بڕیارە پێچەوانە بكەنەوە و پابەندبن بەدەستوور و بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق.
ماوەیەكە دەنگۆ هەیە، كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەگەڕێتەوە پارێزگای كەركوكو هەماهەنگی سوپای عێراق بۆ شەڕی داعش دەكەنو لەو بارەشەوە هەردوو حكومەتی عێراقو هەرێم رێكەوتوون.