پۆڵەتیك پرێس
لە ساڵیادی بۆردومانی قەڵادزێ و زانكۆی سلێمانی و راپەڕینە جەماوەرییەكەی ئەو شارەدا، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی رایدەگەیەنێت، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بەردەوام دەبێت لە خزمەتكردن بە قەڵادزێ و پشدەر و بتوێن و خەڵكە قارەمان و تێكۆشەرەكەی، داواكارین حكومەتی فیدراڵی قەرەبووی مادی و مەعنەوی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و زیانلێكەوتووان بكاتەوە.
لە 47 ەمین ساڵیادی بۆردومانی قەڵادزێ و زانكۆی سلێمانی راپەڕینە جەماوەرییەكەی ئەو شارەدا لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: ئەمڕۆ بە شكۆوە یادی شەهیدانی هەردوو تاوان و مەرگەساتی بۆردومانی قەڵادزێ و زانكۆی سلێمانی و ڕاپەڕینە جەماوەرییەكەی ئەو شارە خۆڕاگرە دەكەینەوە و یاد و یادەوەرییان بەرز ڕادەگرین و سەری ڕێز و وەفا بۆ شەهیدە نەمرەكان دادەنەوێنین.
لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەشدا هاتووە، ئەم تاوانە دڕندە و نامرۆڤانەیەی ڕژێمی لەناوچوو هاوشێوەی تاوانەكانی تری ئەنفال و كیمیابارانكردن بوو كە لە چوارچێوەی جینۆسایدكردن و لەناوبردنی گەلی كورد ئەنجامیدا تەنیا لەبەر ئەوەی ناسنامەی كوردبوونیان هەڵگرتبوو.
ئاماژە بەوەشكراوە، دووپاتی دەكەینەوە كە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بەردەوام دەبێت لە خزمەتكردن بە قەڵادزێ و پشدەر و بتوێن و خەڵكە قارەمان و تێكۆشەرەكەی، داواكارین حكومەتی فیدراڵی قەرەبووی مادی و مەعنەوی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و زیانلێكەوتووان بكاتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمیش ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی زیاتر پێشكەش بەو ناوچەیە بكات و داواكارییەكانی خەڵكەكەی جێبەجێ بكات.