تینویەتی حەسەكە دەخنكێنێت

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
“تینویەتی تەنیا وشەیەك نییە بۆ راكێشانی سۆز، بەڵكو نەهامەتی رۆژانە و راستەقینەیە”، ئەمە قسەی دانیشتوانی شاری حەسەكەی رۆژئاوای كوردستانە، كە بەهۆی گرتنەوەی ئاوی وێستگەی علوكی لەلایەن توركیاوە، بەردەوام رووبەرووی قەیرانی كەمی ئاوی خواردنەوە دەبنەوە.

“تینویەتی حەسەكە دەخنكێنێت”، دەربڕینێكە بەتایبەتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لەلایەن خەڵكی شارەكەوە بڵاودەكرێتەوە، لەو بارەیەوە هەندێكیان دەڵێن: ئەم دەربڕینە تەنیا هاشتاگێك نییە بۆ راكێشانی سۆزی خەڵك، بەڵكو قەیرانی بێ ئاوی لە شارەكەدا گەیشتووە بە رادەی تینوویەتی، كە هەڕەشە لەسەر ژیانی ملیۆنان دانیشتوو دەكات.

 

“تینویەتی حەسەكە دەخنكێنێت”، دەربڕینێكە بەتایبەتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لەلایەن خەڵكی شارەكەوە بڵاودەكرێتەوە

 

ئەوەش لەدوای داخستنی وێستگەی علوك لەلایەن توركیاوە بۆ جاری هەشتەم، لەكاتێكدا ئەو وێستگەیە بەتاكە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە دادەنرێت لەحەسەكە و ناوچەكانی دەوروبەری و دەكەوێتە نزیك شارۆچكەی سەرێ كانی، كە تێیدا هێزە چەكدارەكانی سەر بە توركیا بوونیان هەیە.

عەبدولوەهاب یەكێك لەدانیشتوانی ناوچەكە دەڵێت: بەبێ بوونی دڵۆپێك ئاو، شارەكە هێشتا دەژی، جەختی لەوەش كردەوە، لە حەوتی ئەم مانگەوە ئاویان پێنەگەیشتووە.

 

ماوەی بڕینی ئاو لەناوچەكەدا لەنێوان هەفتەیەك بۆ ٢٠ رۆژ دەبێت، هاوكات ئەم قەیرانە رووبەرووی ساڵحییە، موفتی و كوردۆش بووەتەوە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ دابەشبوونی شارەكە بەسەر ئەو ناوچانەدا.

بەپێی سەرچاوەیەك لە ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان، هێزی ئەو ئاوەی، كە هەیە لاوازە و ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو دەستانەی لەلایەن توركیاوە پاڵپشتی دەكرێن، لە ١٣ی ئەم مانگەدا ترومپای ئاوی وێستگەی علوكیان وەستاندووە، ئەوەش دەبێتە هەشتەمین جار، كە ترومپای ئەو وێستگەیە دەوەستێنن.

قەیرانی كەمی ئاو ئەو هاوكێشەیەی سەلماند، كە بەنرخێكی گران، ئاو كڕین و فرۆشتنی پێوەبكرێت، بەجۆرێك رەنگە كەس بەخەیاڵیدا نەهاتبێت بەو شێوەیە نرخی بەرزببێتەوە، تەنانەت هەندێك لە دانیشتوانی شارەكە هەستاون بە فرۆشتنی شتومەكی ناو ماڵەكانیان بۆ كڕینی ئاو.

ئێستا نرخی بەرمیلێكی ٢٠٠ لیتری ئاو نزیكەی بە هەزار لیرە دەفرۆشرێت، لەكاتێكدا موچەی مامناوەندی فەرمانبەرێك نزیكەی ٥٠ هەزار لیرە دەبێت.

لەو بارەیەشەوە عەبدولعەزیز عابی دەڵێت: تێچووی كڕینی ئاو بووەتە باری سەرشانمان، بەجۆرێك ئەگەر فەرمانبەرێك خاوەنی موچەی ٥٠ هەزار لیرە بێت، ناچارە نزیكەی ٢٠ هەزار لیرە لە قوتی منداڵەكانی بگرێتەوە و لە كڕینی ئاودا خەرجی بكات.

 

 

لەبەرانبەر ئەم دۆخە سەختەدا، دانیشتوانی ناوچەكە چارەسەری زۆریان لەبەردەستدا نییە، هەندێكیان پەنادەبەنە بەر بیرەكانی ئەو گوندانەی نزیكن لەشارەكەوە، بەڵام ئەوەش بەشی شارێك ناكات، كە زیاتر ملیۆنێك دانیشتوانی هەیە.

عابی دەشڵێت: ئاوی بیرەكان بۆ خواردنەوە گونجاو نین لەبەر ئەوەی بەشێكیان سوێرن و نەپاڵێوراون، لەگەڵ ئەوەشدا سەرچاوەی دیكەی ئاویی نییە.

بۆچی توركیا ئاوی حەسەكە دەگرێتەوە؟
ئەمە پرسیارێكە رەنگە زۆرجار هەمان وەڵامی هەبێت، جۆرێك لەبازرگانیكردن هەیە لەنێوان كارەبا و ئاودا، توركیا و میلیشیاكانی سەر بەو حكومەتە، ئاوی ئەو ناوچانە دەبڕن، كە لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە كۆنتڕۆڵكراون، هەتا ناچاریان بكات كارەبای ئەو شوێنانە زیادبكەن، كە دەستەكانی سەر بە توركیای لێیە، دانیشتوویەكی دیكەی حەسەكە دەڵێت: ئەو دەستانە سەرباری گرتنەوەی ئاو، داوای نەوتیش دەكەن.

 

ئەمە پرسیارێكە رەنگە زۆرجار هەمان وەڵامی هەبێت، جۆرێك لەبازرگانیكردن هەیە لەنێوان كارەبا و ئاودا

 

ئەمە دۆخێكی دووبارەیە، كە ئیدارە خۆسەری پێدا تێپەڕدەبێت، كە زۆرجار وەك فشارێك بۆ بەدەستهێنانی كارەبا، ئاوی ناوچەكە دەگرنەوە بەمجۆرەش “كارەبا بەرانبەر ئاو دەبێت، میدیا ناوخۆییەكانی سوریا ئاماژەیان بەوەش كرد، سۆزدار ئەحمەد هاوسەرۆكی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سەر بە حەسەكە ئەوەی راگەیاندووە، هەتا ئێستا دانوستانەكان بەهیچ ئەنجامێك نەگەیشتوون.

یەكەم قەیرانی كەمئاوی، كە دووچاری شارەكە هات، تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو بوو، كاتێك هێزە توركییەكان راستەوخۆ هاتنە رۆژئاوای كوردستان و هاوكاری چەند دەستەیەكی سەر بە توركیایان لە سوریا كرد، هەر ئەو كاتەش، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سەر بەئیدارەی خۆسەری حەسەكە راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە‌و تێیدا ئاشكرایكرد، هێزەكانی توركیا بۆردومانی وێستگەی علوكیان كردووە، داواشیان لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كرد، گیانی ملیۆنێك دانیشتووی شارەكە لەو كارەساتە مرۆییە رزگار بكەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا