ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی پێكدەهێنرێتەوە

پۆڵەتیك پرێس

ماوەی دووساڵە ئەنجومەنی وەزیران بە نووسراوی فەرمی داوای لە ئەنجومەنی پارێزگاكان كردووە بۆ سەرلەنوێ‌ دانانەوەی ئەنجومەنی شارەوانییەكان، بەڵام ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تا ئێستا ئەنجومەنی شارەوانییەكانی كارانەكردووەتەوە و سكرتێری ئەنجومەن دەڵێت، هەندێك كەم و كوڕی هەیە لە ناو نووسراوەكەدا دەمانەوێت ئەو كەم و كوڕییانە نەهێڵین بۆئەوەی دەنگ بە ئەنجومەنی شارەوانییەكان بدەین.

مەهدی مەحمود سكرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: دەمانەوێت دەنگ بدەین بە ئەنجومەنی شارەوانیەكان لە پارێزگای سلێمانی و دواتر ئەنجومەنی شارەوانییەكانی ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەڕین و دوای ئەوانیش قەزاو ناحیەكان كارابكەینەوە.

سكرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی: گرنگە ئەم دەزگا چاودێریكەرانە بوونیان هەبێت و لە نێویشیدا سەندیكا و رێكخراوەكانی تێدابێت، بۆئەوەی لەكاتی دەستبردن بۆ هەرپرۆژەیەك كۆمەڵێك عەقڵی جیاواز هەڵی بسەنگێنن و بڕیاری لێبدەن.

لای خۆیەوە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: لە شاری سلێمانی 13 بەڕێوەبەرایەتی گشتی دانراوە بۆ ئەنجومەنی شارەوانییەكان ئێمە پێشنیازمانكردووە دوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیكەی بۆ زیادبكرێت كە یەكێكیان بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەیە.

لەوبارەوە رێبوار ئەحمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لە پارێزگاكانی دیكە ئەنجومەنی شارەوانییەكان تا 19 بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشتووە ئێمە پێشنیازمانكردووە لە سلێمانی لە 13 بەڕێوەبەرایەتی گشتییەوە زیادبكرێت بۆ 15 بەڕێوەبەرایەتی گشتی.

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان وتی: یەكێك لەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییانەی داوانكردووە زیاد بكرێت بۆ ئەنجومەنی شارەوانییەكان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانیە چونكە زیاتر لە 35 هەزار مامۆستا و 70 هەزار قوتابی هەیە.

ئەوەشی خستەروو، ئومێد دەكەن لە كۆبوونەوەی رۆژی 27 ی ئەم مانگەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەنجومەنی شارەوانییەكانی سلێمانی دەنگی لەسەربدرێت و پێكبهێنرێت.

وەزارەتی شارەوانی‌ و گەشتوگوزار بۆ باشتر راییكردنی كاروباری شارەوانییەكان ‌و خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییان، ئەنجومەنی شارەوانییەكان لە پارێزگاو قەزاو ناحیەكان بەشێوەیەكی ترو سەرلەنوێ پێكدەهێنێتەوە، ئەویش بەگوێرەی پەیڕەوی ژمارە (2)ی ساڵی 2019ی تایبەت بە پەیڕەوی پێكهێنانی ئەنجومەنەكانی شارەوانی لە هەرێمی كوردستان‌و بەبڕیاری ژمارە (32) كە لەكۆبوونەوەی ژمارە (12)ی ئەنجومەنی وەزیران لە 30/10/2019 پەسەندكرا، كە تێیدا ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەكان دیاریكراون.

بەگوێرەی پەیڕەوی ژمارە (2)ی ساڵی 2019 ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنەكانی شارەوانی لە هەرێمی كوردستان بۆ سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر (پلەی تایبەت) و ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیی هەولێریش (17) ئەندام دەبن، سەرۆكایەتیی شارەوانییەكانی سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، كەلار، رانیە و چەمچەماڵ (پلەی نایابن) و كۆی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی بە سەرۆكی ئەنجومەنەوە 13 كەس دەبن.

بەپێی پەیڕەوەكە رێژەی (75 %) ئەنجومەنی شارەوانییەكان بۆ سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان دەبێت و (25 %)یش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەیی‌و ناحكومییەكان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا