پۆڵەتیک پرێس
ئەندامێکی لیژنەی خزمەتگوزارییەکان لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات ١٠٪ ی دانیشتوانی عێراق لە خانووی زیادەڕۆدا دەژین و دەشڵێت: زیادەڕۆیی بەشێوەیەکی بەرفراوان زیادی کردووە.
مەنار عەبدولموتەڵیب، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ ی نیسانی ٢٠٢١ ڕایگەیاند : لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە قەیرانی زیادەڕۆیی بەشێوەیەکی بەرفراوان لە دەوروبەر و ناو شارەکانیش زیادی کردووە.
زیادەڕۆیی بەو خانوو شوێنی نیشتەجێبوونانە دەوترێت کە لەسەر زەوییە حکومییەکان و زەوییە کشتوکاڵیەکان بنیات دەنرێن و زۆرجاریش ناوچەکانیان لە سەرەتاییترین خزمەتگوزاری بێبەشن.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق دەڵێت، “لە ئێستادا ١٠٪ ی دانیشتوانی عێراق لەو خانووە زیادەڕۆیانەدا ژیان بەسەر دەبەن و ئەو ژمارە زۆرەش مانای قووڵی ئەو قەیرانە مرۆییەیە”.
وتیشی: زیادەڕۆیی نیشاندەری هەڵەکانی حکومەتی عێراقە لە چارەسەرکردنی قەیرانی هەژاری و بێ پارەیی و شوێنی نیشتەجێبوون و پێویستە چارەسەرێکی خێرای بۆ بدۆزرێتەوە”.