پۆڵەتیك پرێس
لەیادی (123) ساڵەی رۆژی رۆژنامەگەری کوردیدا ، ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت،بڕوامانوایە ئازادی بیروڕا و ئازادی رۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستاندا لە پاشەکشێدایە، دەشڵێت،میدیا و میدیاکارە پیشەگەرەکان بێ ڕۆڵ دەکرێن، میدیای فەیک و نابەرپرس لەپەرەسەندندایە.
ئەمڕۆ، پێنج شەممە 22ی نیسان لە یادی (123) ساڵەی رۆژی رۆژنامەگەری کوردیدا لە راگەیەنراوێکدا بزوتنەوەی گۆڕان جەخت دەکاتەوە کە بڕوای تەواوی بە میدیای ئازاد هەیە و پڕۆژە سیاسیەکەشی بە بەرهەمی پشتیوانی میدیای ئەهلی و رۆشنبیر و نوسەران و ئازادیخوازان دەزانێت.
لەراگەیەندراوەكەدا ئەوەشهاتووە، ئێمە لەکاتێکدا رۆژی رۆژنامەگەری کوردی دەکەینەوە بەڵام لەهەرێمی كوردستان بە پلان کار بۆ شێواندنی ڕاستیەکان و تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکرێ، زمانی میدیایی بۆ ئاستێکی نزمی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی سیاسیی دابەزێنراوە، بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و پەیامی چەواشەکاری بازاڕگەری بۆ دەکرێت، ژمارەیەک لە سیاسیەکان بە پارەی گەندەڵی و قاچاخچێتی پشتیوانی دارایی لە ژمارەیەک ئامرازی میدیایی ئاراستەکراو دەکەن و، لەبەرامبەریشدا رۆڵی میدیای ئازاد و بەرپرسیار خراوەتە ژێر پرسیارەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە،هەرێمی کوردستان کە پێویستی بە چاکسازی گشتگیرە، ئەم چاکسازییە بێ میدیای ئازاد و بێ رۆژنامەنوسی سەربەخۆ کە بەدوای سەرەداوی کەیسەکانی گەندەڵی و خراپبەکارهێنانی دەسەڵات بکەوێت سەرناگرێ.
بزوتنەوەی گۆڕان دەشڵێت دەمانەوێت یادی رۆژی رۆژنامەگەری کوردی بكەین بە دەرفەتێک بۆئەوەی داوا لە دەسەڵاتی دادوەری و دادگای پێداچونەوە بکەین بڕیارێکی یاسایی و دادپەروەرانە لە کەیسی رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی بادینان بدات.
راگەیەندراوەكەی بزوتنەوەی گۆڕان لەیادی (123) ساڵەی رۆژی رۆژنامەگەری كوردی لەكاتێكدا دێت هەفتەی رابردوو ژمارەیەكی بەرچاو لەرۆژنامەنووسان و میداكارانی سەر بەبزوتنەوەی گۆڕان لەبەرامبەر داوا كاری پێدانی موچەو دابینەكردنی مافەكانیان لەبەردەم بارەگای سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان گردبونەوەیان ئەنجامدا بەڵام تائێستا بزوتنەوەی گۆڕان وەڵامی داواكارییەكانی نەداونەتەوە.