پۆڵەتیك پرێس
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی رایدەگەیەنێت “هەوڵدەدەین قۆناغ بە قۆناغ دەرگای خوێندنگاکان بە تەناوب بەڕووی خوێندکاراندا بکەینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پڕۆسەی خوێندنی ئەلکترۆنی بەردەوام بێت”.
بەمەبەستی نەهێشتن و لابردنی قوتابخانەی ئەلکترۆنی و گەڕانەوەیان بۆ ناوەندەکانی خوێندن ئەمڕۆ بەشێک لە خوێندکاران لە بەردەم بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی گردبونەوە و بینای پەروەردەیان بەرد بارانكرد.
دڵشاد عومەر بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “لەهەوڵداین بۆئەوەی قۆناغ بە قۆناغ دەرگای خوێندنگاکان بە تەناوب بەڕووی خوێندکاراندا بکەینەوە بەتایبەت بۆ خوێندکارانی قۆناغی 11ی ئامادەیی”.
وتیشی “لەگەڵ وەزیری پەروەردە قسەم کردووە لەبارەی ئەو جموجۆڵانەی دروستبووە، تا لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی کۆبوونەوەیەکی خێرا بکەین بەمەبەستی رێگەدان بە کردنەوەی قوتابخانەکان، دوای ئەو ناڕەزاییانەی لەبارەی خوێندنی ئەلیکترۆنیەوە سەریانهەڵداوە”.