پێشنیازدەکرێت بودجەی ئەمساڵ ببێتە بودجەی سێ ساڵی داهاتووی عێراق

پۆڵەتیک پرێس

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، پێشنیازێک هەیە لەبارەی ئەوەی یاسای بودجەی 2021 بۆ سێ ساڵی داهاتووش پشتیپێببەسترێت.

لەوبارەیەوە محەمەد شەبەکی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە تشرینی یەکەمی ئەمساڵ و پەسەندکردنی ئەنجامەکانی و پێکهێنانی حکومەت کە ڕەنگە بۆ مانگی نیسان یاخود حوزەیرانی ساڵی داهاتوو دوابکەوێت، دەبنەهۆی درەنگ جێگیرکردنی بودجەی ساڵی داهاتوو.

بەپێی قسەی محەمەد شەبەکی، چەند پێشنیازێک بۆ میکانزیمی جێبەجێکردنی بودجەی ساڵی داهاتوو هەیە، یەکەمیان بریتییە لەپشتبەستن بە داتا و حساباتەکانی بودجەی ساڵی 2021 بۆ ساڵی 2022.

هەر بەپێی قسەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، پێشنیازی دووەم بریتییە لەوەی بودجەی ئەمساڵ بۆ سێ ساڵی داهاتوو پشتیپێببەسترێت، لەحاڵەتێکدا ئەگەر بەهەر هۆکارێک بێت شەرعیەت بە بودجەی ساڵی داهاتوو نەدرێت.

ڕۆژی سێشەممەش، هەریەکە لە وەزیری پلاندانانی عێراق و وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر چۆنێتی دانانی پلانێکی خێرا بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ئەمساڵ.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا