جوانترین پێنج چیرۆکی دنیا

جوانترین پێنج چیرۆکی دنیا *

نووسینی: گابریێل گارسییا مارکێز
لە ئیسپانییەوە: ژیار هۆمەر

١
منداڵێکی پێنج ساڵ لە ئاپۆڕەی بۆنەیەکدا دایکی لێ ون دەبێ، دەچێتە لای پۆلیسێک و لێی دەپرسێ: ”ئەوە خاتوونێکتان نەبینیوە منی لەگەڵ نەبێ و لێرەوە تێپەڕێ؟”

٢
ماری جۆی تەمەن دوو ساڵ، خەریکە ڕادێ لە تاریکی و نووتەکیدا یاری بکات؛ ئەمە پاش ئەوەی بەڕێز مەی‌ـی باوکی و هاوژینەکەی، دیتیان لە نێوان ڕزگارکردنی ژیانی کیژۆڵەکەیان و کوێربوونی بۆ تەواوی ژیانی، ناچارن یەکێکیان هەڵبژێرن. دوای ئەوەی شەش پسپۆڕی لێهاتوو دەستنیشانیان کرد شێرپەنجەی چاویەتی، لە نۆڕینگەی مایۆ هەردوو چاوی ماری جۆی بچکۆلەیان دەرهێنا. چوار ڕۆژ دوای نەشتەرگەرییەکە، کیژۆڵەکە زریکاندی: ”دایە! ناتوانم لە خەو هەڵستم… ناتوانم لە خەو هەڵستم…”

٣
ئەمە سەربوردەی خەمۆکێکە لە نهۆمی دەیەمەوە خۆی هەڵدایە سەر شەقامەکە. کاتێک لە نیوەی بەربوونەوەکەیدا بوو، لەودیو پەنجەرەکانەوە کورتەساتی دڵخۆشی و گچکەناسۆری دەستەمۆ و خۆشەویستیی نهێنی و ژیانی تایبەتیی دراوسێیەکانی دەدەیت؛ قەت ئەو وردەکارییانەی ژیانیان نەگەیشتووەتە لای پلیکانەی باڵاخانەکە. ساتێک لەشی زرم کێشای بە شۆستەی شەقامەکەدا، تەواو بیروڕای سەبارەت بە دنیا گۆڕیبوو و بەو دەرئەنجامە گەیشتبوو کە ئەو ژیانەی لە پشت دەرگایەکی هەڵەوە بەسەری بردبوو و بۆ هەتاهەتایە لە کیسی چوو، ئەوەی دەهێنا بۆی بژی.

٤
دوو گەڕیدەی هەردەوێڵ، دوای ئەوەی سێ ڕۆژی کوللەمەرگییان لە بەفردا ڕابورد، کەوێڵێکی لاچەپەکیان دۆزییەوە و بووە مۆڵگەیان. پاش تێپەڕینی سێ ڕۆژەکە، یەکێکیان ڕەق بووەوە، زیندووەکەیان سەد مەترێک لەو لای کەوێڵەکەوە چاڵێکی لە بەفرەکەدا هەڵکەند و تەرمەکەی تێدا ناشت. هەرچۆنێک بێ، ڕۆژی دواتر پاش ڕاپەڕینی لە یەکەم خەوی خۆش، دیسان لە ژوورەوە بینییەوە. مردوو و ڕەقهەڵهەڵاتوو، بەڵام وەک میوانێکی فەڕمی لە بەردەم جێخەوەکەیدا دانیشتبوو. سەرلەنوێ ناشتییەوە، ئەم جارەیان لە گۆڕێکی دوورتر، کەچی ڕۆژی دواتر هەر چاوی کردەوە بینیی دیسان لە بەردەم جێخەوەکەیدا دانیشتووە. بۆیە بەلەسە بوو. ئیدی لە سۆنگەی ئەو دەستنووسەی لەوێ کەوتبوو ڕاستیی چیرۆکەکەمان دەزانین. لە نێو هەموو ڕوونکردنەوانەی دەیانویست بەو مەتەڵەی بدەن، ئەگەرێکیان گونجاوترین دەینواند: زیندووەکەیان تەنیاییەکی ئەوەندە قووڵی هەست پێ کردبوو، بۆیە هەر خۆی کە خەوتبوو تەرمەکەی دەرهێنابووەوە و هەر هەڵستابوو ناشتبووییەوە.

٥
لە کڕێوەی گزنگێکدا، دەستەی دەستڕێژ لە قاوشەکەی دەریان هێنا. سا بۆ گەیشتنیش بە شوێنی گوللەبارانەکە دەبوو هەموویان هەڵتەک-هەڵتەک بەسەر کێڵگەیەکی بەفریندا بڕۆن. پاسەوانە مەدەنییەکان بە پاڵتۆ و دەستکێشی چەرم و کڵاوی سێسووچ چاک خۆیان پێچابووەوە، بەڵام هێشتا هەر لەسەر زەوییە ڕووتەڵە بەستووەکەدا هەڵدەلەرزین. زیندانییە داماوەکە، تەنێ چاکەتێکی خوریی شڕودڕی لە بەردا بوو. هەڵلەرزینی لەشە نیوە ڕەقهەڵهاتووەکەیشی لێ بترازێ، هیچی تری پێ نەدەکرا. لە تاو ئەو سەرماوسۆڵە کەڵبەدارە دەیناڵاند. ئیدی سەردەستەکە بەو ناڵەناڵە هەڵچوو، بە سەریدا نەڕاندی:
– کەڵتەکۆن! دە بەسە! بیبڕەوە! لەم سەرما حیزەدا خۆت مەکەرە قوربانیی گوللەیەک! بیر لە ئێمە بکەرەوە، دەبێ بگەڕێینەوە!

سەرچاوە:
Los cinco cuentos cortos más bellos del mundo, Gabriel García Márquez, Conversaciones desde la Soledad, Gente Nueva Editorial, Bogotá, 2001. (Traducido al kurdo por Jiyar Homer)

ئەم چیرۆکانە لە ژمارە ٧ـی گۆڤاری “ئیلیان”دا بڵاو بوونەتەوە. 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا