پارتی ترسی لەهەڵوەشانەوەی رێككەوتنی هەولێرو بەغدا هەیە

پۆڵەتیك پرێس:
هەندێك لەلایەنە سیاسییە عێراقییەكان دژایەتی خۆیان بۆ رێككەوتنی هەولێرو بەغدا راگەیاندووەو بەوتەی سەرچاوەیەكیش ئەوە ترسی لای پارتی دیموكرات دروستكردووە، بەوەی رێككەوتنەكە هەڵوەشێتەوە.

بەقسەی سەرچاوەیەكی سیاسی عێراقی، كە قسەی بۆ میدیا عێراقییەكان كردووە، لایەنە عێراقییەكان پێیانوایە، پارتی فشاری لەمستەفا كازمی سەرۆك وەزیران كردووە، بۆ ئەوەی بەرێككەوتنی هەولێرو بەغدا رازی بێت.

هەر بەقسەی سەرچاوەكە، بەهۆی ئەوەی لایەنەكان پێیانوایە هەرێم پابەند نابێت بەرێككەوتنەكە، دەستیان بەفشارو دژایەتی بۆ رێككەوتنە كردووە، ئەوەش ترسی لای پارتی دروست كردووە، بەو پێیەی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم لای ئەو پارتەیە.

هاوكات سەرچاوەیەكی ناو پارتی لەبارەی ئەو فشارانەوە دەڵێت: ڕێككەوتنی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغدا ڕێككەوتنی نێوان دوو حكومەت بوو، بەڵام ترسی ئەوەمان هەیە شكست بهێنێت، وەك چۆن بە ڕێككەوتنی پێشوو لەگەڵ حكومەتی عادل عەبدولمەهدی شكستی هێنا، بۆیە داوای ڕێككەوتنێكی گشتگیر و هەمیشەیی دەكەین.

سەرچاوەكەی ناو پارتی وتیشی: هەرێم پابەند دەبێت بەدەقی ڕێككەوتننامەكەو تەواوی بەندەكانی بەپێی دەستووری عێراق جێبەجێدەكات و دانوستانەكانیش لەنێوان هەردوولادا بەردەوام دەبن و هیوادارین حكومەتی فیدراڵیش نەكەوێتە ژێر فشاری لایەنەكان.

هەفتەی رابردوو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق گفتوگۆی كردووە، بۆ ئەوەی بگەن بەرێككەوتنێكی كاتی بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوانیان‌و بڕیاریشە لەداهاتوو گفتوگۆ بكەن بۆ گەیشتن بەرێككەوتنێكی گشتگیر.

بەپێی رێككەوتنە كاتییەكەی هەولێرو بەغدا، حكومەتی عێراق بۆ ماوەی سێ‌ مانگ، بڕی 320 ملیار دینار بۆ هەولێرو دەنێرێت‌و لەبەرانبەردا حكومەتی هەرێم بەرێژەی پەنجا لەسەدا داهاتی خاڵەسنوورییەكانی رادەستی بەغدا دەكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا