فەرمانی دەستگیركردن بۆ ژمارەیەك بەرپرس ده‌رده‌كرێت

پۆڵەتیك پرێس

بەتۆمەتی گەندەڵی دەستەی نەزاهەی عێراق فەرمانی دەستگیركردن و بانگهێشتكردنی بۆ 58 بەرپرسی ئێستا و پێشوو دەركرد.

دەستەی نەزاهەی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە مانگی ئاداردا دادگا 50 فەرمانی بانگهێشتكردن و هەشت فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ژمارەیەك بەرپرسی ئێستا و پێشوی عێراق دەركردووە بە تۆمەتی گەندەڵی.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەو فەرمانانە بۆ ئەندامێکی ئێستای پەرلەمانی عێراق و ئەندامێكی خولی پێشوو لەگەڵ وەزیرێك و بریكارێكی پێشوو دەركراوە، هەروەها ٢٥ بەڕێوەبەری گشتیی لە دامەزراوەکانی حکومەت کە ژمارەیەکیان لە ئەرکدا و ژمارەیەکی دیکەیان پێشتر لە ئەرکدابوون، لەگەڵ دوو قائیمقام دەركراوە.

لە زانیاریەكانی راگەیەندراوەكەی دەستەی نەزاهەی عێراق باس لەوەشكراوە لە ناو ئەو دەستگیركرا و بانگهێشتكراوانەدا 22 پەرلەمانتار و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكان ناویان هاتووە، بەڵام هیچ ئاماژەیەك بە تۆمەتەكانیان نەكراوە.

ئەمەش لەكاتێكدایە، لەسەرەتای دەستبەكاربونیدا كازمی جەختی لەوە كردەوە سەرجەم ئەو كەسانە دەستگیردەكرێن كە دەسەڵاتەكانیان بۆ گەندەڵی و مەبەستی خراپ بەكارهێناوە، پێشتریش چەندین بەرپرسی دیكە بەهۆی تێوەگلانیان لە گەندەڵی دەستگیركراون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا