فشاری شیعەکان هەرێم ناچاردەکات پەنابباتەبەر ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

پۆڵەتیک پرێس

فشاری سیاسی و ئابوری و ئەمنی بەهێزی هێزە شیعەکانی عێراق، هەرێمی کوردستانی ناچارکردووە پەنابباتەبەر ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لەوبارەیەوە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی فەرمی ئاراستەی ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان و 15 وڵاتی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان کرد و تیایدا داوای یارمەتی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد.

لەو دۆسیانەی کە هەرێم لەبارەیانەوە داوای یارمەتی کردووە بریتین لە بابەتە داراییەکان کە خاڵی ناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێرە، هاوکات، بابەتی ناوچە جێناکۆکەکان و لەسەروو هەمووشیانەوە پارێزگای کەرکوکی دەوڵەمەند بە نەوتە کە لەساڵی 2017 هێزەکانی پێشمەرگە لەدەستی هێزە عێراقییەکاندا بەجێیانهێشت.

لەماوەی ئەم چەند مانگەی کۆتایی هەرێم ڕووبەڕووی توندترین شەپۆلی فشاری لایەنە شیعە و میلیشیا باڵادەستەکانی عێراق کە پەیوەندی بەهێزیان لەگەڵ ئێراندا هەیە بووەوە، بەبڕوای چاودێران هۆکاری ئەم فشارانە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەیوەندییەی لەنێوان ئیدارەی ئەمریکا و کوردەکاندا هەیە و دەترسن خاکی هەریم بەڕووی هێزەکانی ئەمریکادا بکرێتەوە لەدوای ئەوەی لەتەواوی ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکشێنەوە.

لەلایەکی دیکەوە ئەو لایەن و میلیشیایانە دەترسن لە دروستبوونی هاوپەیمانی سیاسی لەنێوان مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و کەسایەتییە کوردییە دیارەکان بەجۆرێک کە ڕۆڵی هەبێت لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق کە بڕیارە لەمانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت.

هەرێم ڕووبەڕووی توندترین شەپۆلی فشاری لایەنە شیعە و میلیشیا باڵادەستەکانی عێراق کە پەیوەندی بەهێزیان لەگەڵ ئێراندا هەیە بووەوە

لەماوەی ڕابردوودا ئەو لایەن و میلیشیایانە چەندین فشاری ئەمنی و داراییان خستەسەر هەرێم، لەوانەش بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی هەولێر و هەوڵدان بۆ نغرۆکردنی هەرێم لەقەیرانی دارایی بەتایبەت لەڕێی ڕێگریکردن لەگەیشتن بە پشکی خۆی لەبودجەی فیدڕاڵی عێراق کە بووەتە تاکە شادەماری ژیانی هەرێم لەدوای دابەزینی نرخی نەوت.

یەکێکی دیکە لەفشارەکانی سەر هەرێم ئەو تۆمەتانە بوون کە لەلایەن ڕاکان جەبوری، پارێزگاری کەرکوک درانەپاڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کاتێک ئاماژەی بەوەکرد، تەرم لەناو بارەگای پارتی لەکەرکوک دۆزراوەتەوە و وتی: خەڵکی کەرکوک بارەگای پارتی وەک شوێنی پاکتاوکردنی نەوەکانیان دەبینن.

ئەوەبوو لەوەڵامی ئەو تۆمەتانە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، “ئەو قسانەی ڕاکان جەبوری هیچ بنەمایەکیان نییە و دوورن لەڕاستییەوە و لەدوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017 کاتێک پارتی لەکەرکوکدا نەماوە تەرم لەبارەگاکەیدا دۆزراوەتەوە، جگە لەوەی ماوەیەک دەستبەسەر بارەگای پارتیدا گیراوە و تەنانەت بۆ ئەشکەنجەدان و دەستگیرکردنی کادر و شوێنکەوتووانی پارتی بەکارهێنراوە”.

هەر کاتێک دۆسیەی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان لەنێوان بەغدا و هەرێم دەکرێتەوە، ڕاستەوخۆ ناکۆکییەکانی نێوانیان دەستپێدەکاتەوە، لەو پەیامەی نێچیرڤان بارزانیدا کە ئاراستەی نەتەوەیەکگرتووەکانی کرد، باس لەدۆسیەی ناوچە جێناکۆکەکان کراوە کە هەرێم وەک بە بەشێک لەخاکی خۆی دەزانێت.

نێچیرڤان بارزانی داوا دەکات ڕۆڵی نێودەوڵەتی لە جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوری عێراق زیادبکرێت

لەو پەیامەدا کە بەشێک لەمیدیا عێراقی و کوردییەکان بڵاویانکردەوە، نێچیرڤان بارزانی داوا دەکات ڕۆڵی نێودەوڵەتی لە جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوری عێراقی کە پەیوەستە بە ناوچە جێناکۆکەکان و ناکۆکییەکی زۆر لەسەر لێکدانەوەی هەیە زیادبکرێت.

لەدیارترین داواکارییەکانی نێچیرڤان بارزانی کە لە پەیامەکەدا ئاماژەی پێکردووە، پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بە نێردراوی ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان تا ڕۆڵی زیاتری هەبێت لە نێوەندگیری نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بەتایبەت کێشەی دابەشکردنی سامانە سروشتییەکان.

یەکێکی دیکە لەداواکارییەکانی نێچیرڤان بارزانی بریتییە لەپێدانی یارمەتی مرۆیی زیاتر و پشتیوانیکردنی ئاوارەکانی هەرێم و باشترکردنی دۆخی گوزەرانیان لەکەمپەکاندا، لەگەڵ ئەوەی هێشتا ژمارەیەک لەدانیشتوانانی ناوچە عێراقییەکان لە ناوچەکانی کوردستاندا ماون، کە لەسەردەمی داگیرکاری ڕێکخراوی چەکداری داعش پەنایان هێنایەبەر هەرێم.

سەرباری جێگیرکردنی بودجەی فیدڕاڵی عێراق لەدوای ئەو هەموو ئاستەنگەی لەبارەی پشکی هەرێمەوە هاتەئاراوە و داواکردنی تەواوی داهاتەکانی نەوت و دەروازە سنورییەکانی و پێشکەشکردنی داتای ورد لەسەر ژمارەی فەرمانبەرەکانی، بەڵام هێشتا سەرکردایەتی کورد دەترسێت لەوەی لەلایەن حکومەتی  ناوەندەوە پشکی خۆی بۆ نەنێردرێت و ڕووبەڕووی بەرهەڵستی توند و توڕەی شەقامی کوردی بکاتەوە کە لەبنەڕەتدا توڕەن لەخراپی دۆخی کۆمەڵایەتی و دواکەوتنی موچە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا