ژنان بە کۆی دەنگ داوای ئازادی بۆ زارای مەمەدی دەکەن

لە کەمپەینێکدا لە شاری سلێمانی ٣٠٠ ژن کۆبوونەوە و دەنگی خۆیان بۆ هەڵووەشانەوەی بڕیاری سزای سەر ‘زارا محەمەدی’ کرد بە یەک، بڕیاریشە یاداشتێک بە واژۆی خۆیان پێشکەشی کونسوڵخانەی وڵاتان لە هەرێم بکەن و داواکارییەکەیان بخەنە ڕوو.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کافتریای ئەمنەسوورەکە لە شاری سلێمانی، لەلایەن کۆبەندی ژنان دەتوانن، ئەنجامی کەمپەینێک بۆ هەڵووەشاندنەوەی سزای سەر زارا موحەمەدی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەلایەن دەوڵەتی ئێران-ەوە، سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، ڕاگەیەندرا.

ڕێکخەرانی کەمپەینەکە ٣٠٠ واژۆی کەسایەتی و چالاکوانان و ڕێکخراو-یان بە شێوەی مەیدانی کۆکردووەتەوە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو کۆربەندی ژنان دەتوانن، واژۆکان هاوپێچ لەگەڵ یاداشتێک، پێشکەشی هەر یەک لە کۆنسوڵخانەی ئێران، سەرجەم کونسوڵخانەکانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات.

لە یاداشتەکەدا کە لەلایەن ‘لەنیا جەمال’ەوە خوێندرایەوە، داواکراوە، کە بە زووترین کات ئەو بڕیارەی دادگا هەڵبوەشێتەوە و زارا محەمەدی ئازادبکرێت، چونکە ئەو بڕیارە نادادپەروەرییە و پێچەوانەیە لە گەڵ هەموو بەها مرۆییەکان.

هەر لە یاداشتەکەدا هاتووە، کە مافی قسەکرن و نووسین بە زمانی دایک یەکێکە مافە بنچینەیەکانی مرۆڤ و بە ڕوونی لە مادەی ٢،١٩،٢٧و ٣٠٠ی پەیماننامەی نێودەوڵەتی و مافە مەدەنی و سیاسییەکاندا دانیپێدانراوە، بەڵام ئەم کارەی دادگای ئێران پێچەوانەی یاساکان و پەیمانی نێودەوڵەتییەکانە.

لە کۆتایی یاداشتەکەشدا هاتووە، کە کارەکانی زارا محەمەدی و ئەنجومەنی نۆژین، لە چوارچێوەیەکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی بووە و دەبێت ڕێگریی لە کار و چالاکییەکانی ئەو ئەنجومەنە نەکرێت.

زارا محەمەدی، چالاکوانێکی شاری سنەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەندامی ئەنجومەنی نۆژینە و مامۆستای زمانی کوردییە، لەلایەن دادگای ئێرانەوە بە تۆمەتی فێرکردنی زمانی کوردی بۆ منداڵان سزای ١٠ ساڵ زیندانی بە سەردا سەپێنراوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا