پۆڵەتیك پرێس
ئەمڕۆ دوو شەممە دادگای باڵای فیدراڵی بۆ بڕیاردران لە تانەیەكی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق كۆدەبێتەوە، كە تیایدا تانەیان داوە لە بڕیاری پەرلەمانی عێراق بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق.
جوان حسێن ئەندامی ئەنجومەنی هەڵوەشاوەی پارێزگای كەركوك بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: دوای ئەوەی بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق ئەنجومەنی پارێزگاكان هەڵوەشانەوە، ئەوەبوو ئەنجومەنی چەند پارێزگایەكی عێراق لە ناویاندا كەركوك لە دادگای باڵای فیدراڵی تانەیان لەو بڕیارەی پەرلەماندا و بە بڕیارێكی نا یاسایی و نا دەستووریان دانا.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی هەڵوەشاوەی پارێزگای كەركوك وتی: پێشتر بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی نەتوانرا ئەو تانەیە یەكلایی بكرێتەوە، ئێستە دادگاكە ئەو كێشەی نەماوە و دەتوانێت تانەكەی ئێمە یەكلایی بكاتەوە.
لە 26_11_2019 پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لەو كاتەوە كارەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان راگیراوە.