هۆکاری بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت ئاشکرادەکرێت

پۆڵەتیک پرێس

بەپێی داتاکانی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی، یەدەگی نەوتی کەڵەکەبوو لەسەرانسەری جیهاندا لەماوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی کردەیی کەمیکردووە و ئەمەش ڕەنگە ببێتەهۆی زیادکردنی نرخی نەوت لەنیوەی دووەمی ئەمساڵ.

بەپێی تێکڕا داتای ساڵانی 2015 بۆ 2019 یەدەگی نەوت لەئابورییە پێشکەوتووەکانی جیهاندا 57 ملیۆن بەرمیل نەوت بووە.

ئاژانسی بلومبێرک ئاماژەی بەوەکرد، ئەم تێکڕایە لەمانگی تەمموزی ساڵی 2020 پێنج هێندە زیادیکردووە بەجۆرێک 249 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێپەڕاندووە، بەڵام لەم چەند مانگەی دواییدا بەهۆی زیادبوونی داواکارییەکان نەوتی یەدەگ کەمیکرد.

بەپێی ئاژانسی بلومبێرگ، هەفتەی ڕابردوو نەوتی عەمبارکراو لە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا نزمترین ئاستی تۆمارکرد لەماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا.

لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا یەدەگی نەوتی عەمبارکراو لەبارهەڵگرەکاندا بەڕێژەی %27 کەمیکرد و گەیشتە 50.7 ملیۆن بەرمیل نەوت، بەوهۆیەوە ڕۆژی هەینی جارێکی دیکە نرخی نەوت بەرزبووەوە و بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتە سەروو 67 دۆلار.

بەهۆی دابەزینی ئاستی یەدەگی نەوت ئاژانسی بلومبێرگ پێشبینیدەکات، نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ 74 دۆلار بەرزببێتەوە.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک