پۆڵەتیك پرێس
ڕێكخراوی سروشتی كوردستان لە رێگای پرۆژە یاسایەكەوە هەوڵدەدات هاوردەكردن و بەرهەمهێنانی كەرەستە پلاستیكییەكان سنوردار بكرێت، بۆئەوەی كەمترین بەركارهێنەریان هەبێت.
سەروەر قەرەداغی هاوسەرۆكی ڕێكخراوی سروشتی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: دوو پرۆژە یاسامان پێشكەش بە پەرلەمانی كوردستان كردووە یەكێكیان تایبەتە بە سنورداركردنی بەرهەمهێنان و هاوردەكردنی پلاستیك، ئەوی دیكەیان تایبەتە بە پرۆژە یاسای رێكخستنی كاری خۆبەخشی لە كوردستان.
هاوسەرۆكی ڕێكخراوی سروشتی كوردستان وتی: لە پێشكەشكردنی پرۆژە یاسای سنورداركردنی بەرهەمهێنان و هاوردەكردنی پلاستیك ئامانجمان ئەوەیە باج دابنرێت لەسەر بەرهەمە پلاستیكییەكان و ئەو كەرەستە پلاستیكییانەی لە ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێت، بۆئەوەی خەڵك بە شێوەیەكی ئاسان و بە نرخێكی كەم نەتوانێت كەرەستەی پلاستیكی دەست بكەوێت.
باسی لەوەشكرد، پرۆژە یاسای دووەم تایبەتە بە رێكخستنی كاری خۆبەخشی لە كوردستان، دوو جۆر خۆبەخشمان هەیە لە كوردستان بەشێكیان ئەوانەن لە ناو رێكخراوە نا حكومییەكاندا كاردەكەن بەشێكیشیان ئەوانەن لە ناوی فەرمانگە حكومییەكاندا كاردەكەن، هیچ یەكێك لەم دوو چین و توێژە مافیان پارێزراونیە بۆیە هەوڵدەدەن لە رێگەی ئەم پرۆژە یاسایە مافی ئەو كەسانە بپارێزرێت كە بەخۆبەخش كاردەكەن.