چیرۆکی یاریزانێک هەمووانی گریاند

ئەمجارە بەسەرهاتێکی کاریگەر ، بەسەرهاتی ئەو یاریزانەی کە هەمووانی لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵێکی ئیتاڵیدا گریاند ، تەنانەت پێشکەشکاری بەرنامەکەش دەستی کرد بە گریان ……!

پاڵەوانی ئەم چیڕۆکە یاریزانی غینی ” شەریف کارامۆکۆ “ـیە ، ئێستا یاریزانی تیپێکی خولی پلە چوارەکانی ئیتاڵیایە

شەریف باسی ژیانی پڕ لە دەربەدەری و دەردەسەری خۆی دەکات و دەڵێت : بەجوانی بیرم نیە بەڵام هەرگیز دیمەنەکەم لەبەرچاو لاناچێت ، کاتێک تەمەنم 13 ساڵان بوو لەبەرچاوی من لەناو مزگەوت باوکمیان بە گوللە کوشت کە باوکم ووتارخوێنی مزگەوتەکە بوو ، دوای مردنی باوکی دەروونی بە تەواوی تێکچووبوو ، هێشتا شۆک بەری نەدابوو دوای دوو ساڵ هەواڵی مەرگی دایکیان پێ ڕاگەیاند کە ئەوکات تەمەنی تەنها 15 ساڵ بوو ! کە هەردووکیان لە ئەنجامی جەنگی ناوخۆی وڵاتەکەیان کۆچی دواییان کرد

لە پێناو پاراستی ژیانی خۆی و براکەی شەریف دەستی برای گرت و بەیەکەوە ڕوویان کردە لیبیا و بوون بە ئاوارە ، شەریف دەڵێت لە ڕێگا تووشی زۆر ئاستەنگی و دەردەسەری بووین ، کاتێک لە بیابان هێزە تایبەتەکانی وڵاتی غینیا ئەوانیان گرت زۆریان لێدان و زیندانیش کران پاشان ڕەوانەی ناوجەرگەی وڵاتیان کردنەوە

 

شەریف دەڵێت : لە کۆتاییدا من و براکەم ” مۆری ” بڕیاڕماندا بە ڕێگای ” قاچاغ ” بڕۆین بۆ ئیتاڵیا ، هەرچەندە ڕێگاپێدراو نەبوو بەڵام مەجبوور بووین ، بە کەشتیەکی بچووک بەڕێ کەوتین کە نزیکەی 143 کەسی تیابوو ، بەزۆر شوێنی خۆمان کردبووەوە لەناوی ، کەشتیەکە ئەوەندە قوڕس بوو لەناکاو بە لایەکیدا وەرگەڕا ، هەموو کەس خەمی ژیانی خۆی بوو بەس من نەبێ خەمی ژیانی براکەمم بوو دەستی براکەمم گرت و ویستم پارێزگاری لێبکەم چونکە ئەو تەنها کەسم بوو ، بەڵام بەداخەوە نەمتوانی پارێزگاری لێبکەم و ئەویش نووقم بوو لەگەڵ ئەو 60 کەسەی کە نووقوم بوون ، براکەم لەناو ئاو بوو منیش لەناو کەشتیەکە دەستی ئەوم گرتبوو ویستم خۆم فڕێ بدەمە ناو ئاوەکە بەڵام براکەم ڕێگای پێنەدام ووتی هەرگیز بیر لە خۆکوشتن مەکەوە تۆ دەگەیتە ئیتاڵیا لەوێشەوە دەگەیتە خەونەکەت و دەبیتە یاریزانی تۆپی پێ هیوادارم بتبینمەوە بەڵام ئەگەر نەشمبینیەوە هەر شانازیت پێوە دەکەم

شەریف لە کۆتا قسەکانیدا دەڵێت : بەداخەوە کە ئێستا براکەم کۆچی دوایی کردووە و نامبینێ کە یاریزانم ، هەموو شەوێک بەر لە خەوتن دیمەنی مردنی باوکم و نووقم بوونی براکەم دێتەوە بەر چاوم بەڵام هەرگیز کۆڵ نادەم و بۆ هەمیشە دەجەنگم لە پێناو ڕۆحی پاکی خێزانەکەم چونکە دەزانم نامبینن بەڵام لە ئاسمانەوە ئاگایان لێمە ، ڕاستە ئەوان لێرە نین دەستم بگرن بەڵام بۆ هەمیشە لەناو دڵمدان و لەناو دڵمدا دەمێننەوە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا