ناڕەزاییەكانی ناو گۆڕان زیاتر دەبن

پۆڵەتیك پرێس:
ناڕەزاییەكانی ناو بزووتنەوەی گۆڕان زیاتربوون، ئەوەش دوای ئەوەی سەركردایەتی بزووتنەوەكە رەتیانكردەوە، كە لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكشێنەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ناو بزووتنەوەی گۆڕان دراوە بە “پۆڵەتیك پرێس” ناڕەزاییەكانی ناو گۆڕان ئێستا تەشەنەیكردووە، بۆ ئۆرگانە فەرمییەكانی بزووتنەوەكە، كە پێشتر ناڕەزاییەكان تەنیا لەسەر ئاستی جەماوەر بوو.

هەر بەپێی زانیارییەكان، جگە لەفراكسیۆنی گۆڕان لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئێستا لەناو فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستانیش دەنگی ناڕەزایی بەرزبووەتەوەو داوای كشانەوەی بزووتنەوەكەیان لەحكومەتی هەرێم دەكەن.

هەروەها لەبەشێك لەژوورەكانی گۆڕانیش ئەو داوایە بەرزكراوەتەوەو جەخت دەكەنەوە، دەبێت پرسی كشانەوەی گۆڕان ببرێتە ناو جڤاتی نیشتمانی‌و بەدەنگدان یەكلابكرێتەوە.

چەند رۆژێكە لەناوخۆی گۆڕان ناڕەزایی دروست بووەو ناڕەزاییەكانیش داوای كشانەوەی گۆڕان لەحكومەت دەكەن، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی لێبڕینی موچەو چاكسازینەكردن لەهەرێمی كوردستان، بەڵام بەرپرسانی گۆڕان رەتیانكردەوە، هیچ بەرنامەیەكیان هەبێت بۆ كشانەوە لەحكومەتی هەرێم.

لەكۆتا كاردانەوەش، فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق بەیاننامەیەكی دەركردو داوای كرد، كە لەحكومەتی هەرێم بكشێنەوە، بەپێچەوانەوە لەداهاتوو هەڵوێستی تریان دەبێت.

لەو بارەوە غالب محەمەد ئەندامی فراكسێونی بزووتنەوەی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق بە “پۆڵەتیك پرێس”ی وت: داوامان لەسەرجەم ئەندامانی خۆمان كردووە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بكشێنەوە ئەگەر نەكشێنەوە، ئەوا ئێمەش قسەی خۆمان دەبێت.

غالب محەمەد وتیشی: ئەگەر بەرپرسانی گۆڕان نەكشێنەوە ئەوكات هیچ جیاوازییەكیان نابێت لەگەڵ یەكێتی و پارتی، بۆیە لای خۆمان ماوەیەكی كاتیمان دیاریكردووەو چاوەڕوان دەبین بزانین حیزبەكەی خۆمان و حكومەتی هەرێم چی دەكەن.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، بەپێی ئەوداتاو زانیاریانەی لای ئەوانە حكومەتی هەرێم نەچاكسازی دەكات نەبڕوای پێیەتی و راستگۆش نییە لەگەڵ میلەتدا‌و جەختیشیكردەوە، كە هەرێم داهاتی زۆر زۆرترە لە موچەی فەرمانبەران، بەڵام موچە نادات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا