پۆڵەتیك پرێس
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت “چاوەڕواندەكرێت لە دورۆژی داهاتوودا یاسای بودجەی گشتی 2021ی عێراق لە رۆژنامەی وەقائیع بڵاو دەكرێتەوە دواتر حكومەت دەست بە جێبەجێكردنی دەكات”.
لەكۆتای مانگی ئادار پەرلەمانی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ی پەسەندكرد، كە لە ٥٨ ماددە پێكهاتبوو، ئێستاش چاوەڕوانی دەركردنی بڕیار و رێنمای وەزراتی دارای دەكرێت بۆ ئەوەی حكومەت كار بە یاساكە بكات.
شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: “بەپێی ئەو زانیاریانەی هەیە، لە یەك دوو رۆژی داهاتوو یاساكە بڵاودەكرێتەوە و چاوەڕواندەكرێت لە هەفتەی داهاتووش دەست بە خەرجكردنی بودجە بكرێت و پشكی ھەرێمی كوردستانیش رەوانە دەكرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی وتیشی “ئێستا بودجە لە وەزارەتی داراییە و بەمەبەستی دەركردنی بڕیار و رێنمایی بۆ جێبەجێكردنی”.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە پرسی باج خستنە سەر موچەی فەرمانبەران كە ئێستا هاتووەتە ئاراوە هیچ كاریگەریەكی لەسەر جێبەجێكردنی یاسای بودجە نابێت، لە لایەكی دیكەشەوە وەزارەتی دارایی بە هەڵە ئەو نوسراوەی دەركردووە، پشتیان بە مادەی 34 لە بڕگەی (ج) بەستووە ئەو بڕگەیەش باسی هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو لێخۆشبونانە دەكات كە بۆ هێنانی كاڵا دەركراون.