ڕەهەندەکانی بۆشایی لە تۆپی پێدا

بەشی یەکەم

نووسینی ؛ بڵند فاتیح

 

بەشێوەیەکی گشتی بۆشایی ئەو ناوچە جوگرافییە دەگرێتەوە کە دەکەوێتە ناوەوەی هێلەکانی یاریگا. لە تۆپی پێدا هەمیشە ئاماژە بە گرنگی بۆشایی دەکرێت، بە جۆرێک بۆ زۆرێک لە ڕاهێنەرەکان داگیرکردنی بۆشایی بە یەکەمین هەنگاو دادەنرێت لە بردنەوەی یارییدا. بۆ هەندێکتریش تێپەڕین بەنێو بۆشاییدا کۆلکەی سەرەکی مانۆڕەکانی هێرشبردنە لایان. بە مانایەکیتر دوو جۆر بیرکردنەوە باو بوونی هەیە کاتێک باسی بۆشایی دەکرێت کە ئەویش: داگیرکردنی بۆشاییە لەکاتی هێرشبردن و بەرگری، هەروەها هێرشکردن و بەرگریکردن لە ڕێگای تێپەڕبوون بە بۆشاییدا. لە جۆری یەکەمیاندا یاریزان\تیپ هەوڵدەدەن ناوچەیەکی دیارکراوە داگیربکەن. باوترین ئەو ناوچانەی داگیردەکرێت لەنێو یاریگادا. ناوەڕاستی یاریگا و ناوەوەی ناوچەی سزا، ئەمەش بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی بۆشاییەکانیتر بکەن کە تێیدا تێپەڕ دەبەن لە جۆری دووەمەدا ئەو ناوچانەی کە یاریزان\تیپ پێیدا تێپەڕ دەبێت، ئەو ناوچانەیە کە یاریزان\تیپ لە کاتی هێرشبردن بەتایبەتی تێیدا تێپەڕ دەبێت و ئامانج تێیدا هەرگیز مانەوە نیە، بۆنموونە ناوچەی باڵەکان، ناوچەی (نیو بۆشایی) سەرەوەی کەناری ناوچەی سزای تیپی بەرامبەر. بێگومان چۆنێتی تێپەربوون بەم بۆشاییانەدا بەگوێرەی تاکتیکی ڕاهێنەر دەگۆڕێت، واتا مەرج نیە هەمیشە لەم ناوچانە یاخود لەبەشێک لەم ناوچانە تێپەڕببێت، بەڵکوو دەکرێت بمێنێتەوە لە بەشێکیان و لەو بەشەیتریدا تێپەڕ ببێت. وەکوو باسمانکرد لەم پرۆسەیەدا ئەکتەری سەرەکی ئەنجامدانی ئەم کارە یاریزانە. واتا ئەوە یاریزانە کە بۆشایی داگیردەکات و هەر یاریزانیشە کە بە بۆشاییدا تێپەڕ دەبێت جا ئیتر بە تۆپەوە بێت یان بەبێ تۆپ بێت. بێگومان تۆپیش بەهەمان پرۆسەدا تێپەڕ دەبێت، واتا بۆشای داگیردەکات و بە بۆشایشدا تێپەڕ دەبێت بەڵام لەبەر ئەوەی تۆپ کاراکتەرێکی سەربەخۆ نیە چی لەڕووی هەستەکییەوە بێت و چی لەڕێ هزریشەوە بێت. واتا ئەگەر یاریزان ئاراستەی نەکات خۆی تەنیا ناتوانێت هیچکام لەو دوو کردارەی سەرەوە بکات، ئەوا تۆپ ناتوانێت کاریگەری خۆی هەبێت لەسەر چۆنێتی دەستەمۆکردنی بۆشایی یان مامەڵەکردن لەگەڵ بۆشاییدا. باسکردن و بەراوردکردنی تۆپ و یاریزان لەم چوارچێوەدا گرنگی لەودایە هەیە تێبەگەین لەوەی کە لایەنی هەستەکی بەشێوەیەکی تایبەت لەم چوارچێوەیەدا گرنگی خۆی هەیە، چوونکە وەکوو ئاماژەمان پێکرد تۆپ هەستی نیە بەو پێیەی زیندوو نیە، لەبەرامبەردا یاریزان کاراکتەرێکی زیندووە بۆیە لایەنی هەستەکی و هزری کاریگەری هەیە لەسەر ئەوەی چۆن هەست بە شتەکانی دەورووبەری دەکات، لەنێو ئەو شتانەیشدا بۆشایی. لێرەوە مامەڵەکردن و دەستەمۆکردنی بۆشایی لەلایەن یاریزانەوە بە تەواوەتی دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەوەی یاریزان چۆن هەست بە بۆشایی دەورووبەری خۆی دەکات. ئەمە لێکدانەوەیە شتێکمان بۆ ڕوون دەکاتەوە لەبارەی ئەوەی بۆشایی لە تۆپی پێدا ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە چۆنێتی هەستکردنی یاریزانەوە هەیە بە بۆشاییەکانی دەورووبەری خۆی. هەستکردنی یاریزان بە بۆشایی بە پلەی یەکەم بەستراوەتەوە بە توانای بینین و لەمسکردن بە پلەی یەکەم. واتا یاریزان ئایا یاریزان تاکوو کوێ دەبینێت و تاکوو کوێیش دەتوانێت لەمس بکات لە دەورووبەری خۆی؟ لەم چوارچێوەیەدا ئاشکرایە توانای لەمسکردنی یاریزانی و توانای بینین یاریزان دەکەونە نێو دوو چوارچێوەی جیاوازەوە، واتا یاریزان دەتوانێت تاکوو دووری ١٠٠م بەرەو سەرەوە ببینێت بەڵام توانای لەمسکردنی بە پارچەکانی جەستەی لە مەترێک یان دوو مەتر زیاتر تێپەڕ ناکات. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت دوو جۆر ڕەهەندی بۆشایی هەیە لە تۆپی پێدا یەکێکیان ڕەهەندێکی کەسییە کە لەچوارچێوەیە جەستەی یاریزاندایە و لەڕێگای لەمسکردنەوە هەستی پێدەکات، ئەوتریان ڕەهەندێکی گشتییە کە یاریزان لەڕێگای بینینەوە هەستی پێدەکات. ئەمە وامان لێدەکات بپرسین ئەم دوو ڕەهەندە گرنگیان چییە و دەکرێت چۆن کاریگەریان هەبێت لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردنی یاریزان لەگەڵ بۆشاییدا؟ لەبەشی داهاتوودا هەوڵدەدەین وەڵامی ئەم پرسیارانە دەدەینەوە

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا