سڵاو بۆ گەندەڵکاران

 

د. رزگارعەبدولکەریم عەبدولعەزیز*
سڵاو لە ئێوە ئەی پێری گەندەڵکاران، یاخودا هەمیشە سەلامەت و تەندروست بن، یاخودا سایەتان لە سەرمان کەم نەکات، ئێوە هەتا دەتوانن بۆ خۆتان بخۆن، هیچ ترستان نەبێت ئێمە جارجار لە ژێر لێوەوە بۆڵە بؤڵێک دەکەین، ئەوە هیچ نییە، باکتان بەو شتانە نەبێت، کوا ئێمە وەک ئێوە بۆ کاری خۆمان دڵسۆز و غەمخۆرین، کوا ئێمە وەک ئیوە لە سەر هاوڕێ و هاوکارە ستەملێکراوەکانمان ئازایانە هاتووینە مەیدان و دەنگمان هەڵبڕیوە، ئەوە ئێوەن ئازایانە سنگی خۆتان دەخەنە بەر تیغ و دیفاع لە هاوکارەکانتان دەکەن، کوا ئێمە وەک ئیوەی جەسور و ئازا بووین لە بەرگریکردن لە هەق و راستی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ئێمە بە دیار تەرمی یەکترەوە پێدەکەنین و لە حوزوری ئیوەشدا بەرزە پێ ڕادەوستین.
پیرۆزتان بێت، نۆشی گیان و بە بەزی ناوشانتان بێت، ئەوەی دەیخۆن خۆ ماڵی خەڵک و موڵکی گشتی نییە، هەر بەشی ئێمەی پێوە نییە!، مافی خۆتانە، چۆن گەزی دەکەن بیکەن، ئەگەر وا نەبوایە، خۆ دەبوو جارێک غیرەت ئێمەشی بگرتایە و لە سەر مافی خۆمان وەدەنگ بهاتبایەیین، جاران دەگوترا سيد القوم خادمهم، ئەوە ئیتر کۆن بووە، ئێوە وەک ماڵی خۆتان مامەڵە لە گەڵ پەپلیک و کەرتی گشتی بکەن ( سوپاس بو خودا درێغیشتان نەکردوە) ، پێڕ و تاقم و دەستەی خۆتان وەک خاوەن ماڵ و باقی خەڵکیش وەک میوان و سەپان سەیر بکەن.
بەرپرسێکی سیاسی گەندەڵ- ساڵانی دوای ڕاپەرێن ووتبووی: ئێمە کە هاتینە ناو شار لە دوو توێژ زۆر دەترساین، یەکەم مەلای مزگەوت و دووەمیش مامۆستای زانکۆ، هەر زوو بۆمان دەرکەوت ترسەکەمان لە شوێنی خۆیدا نەبووە، ئێمە ئەگەر لە حەرەمی زانکۆشدا بەر شەق و زلەمان بدەن خۆمان دەتەکێنین و هەڵدەستینەوە، بۆ بەیانیش بەرزە پێ، نەک لە حوزوری خۆتان بەڵکو لە حوزوری سێبەرەکەشتاندا بە ئەدەبەوە رادەوستین، ئەگەر گەندەڵی ئێوە جارێک تاوان بێت، ئەوا بێدەنگی ئێمە هەزار جار، ئێمە بە بێدەنگیی و سەرکزیی خۆمان، رۆژانە تەبریکی پرۆسەی گەندەڵی ئێوە دەکەین، دەستمان بە كڵاوە شڕەکەی خۆمانەوە گرتوە تا با نەیبات، خوا هەڵناگرێ ئێوەش هەرکاتێک بۆتان بلوێت شەق شەقێنی پێدەکەن، بەشی خۆمانەو دێتەوە ڕێی خۆمان، بۆچی گلەیی لە ئێوە بکەین، ئەگەر غیرەتمان جۆشا و لە هەزاران مامۆستا تەنها ١٠ دانە ووتمان تەواو بوەستن، ئەمە گەندەلییە!!،ئەوەش ئیختلاس و بە هەدەردانە، ئەوە لاقەکردنی پلەوپۆستە وئەوی دیکە شکاندنی حورمەتی دامودەزگایە، ئەگەر دلێرانە ووتمان پەپلیک و موڵکی گشتی ماڵی باوکی کەس نییە، ئەگەر ووتمان دەزگای مەدەنی شوێنی جاسوسیکردن و دەنگ تۆمارکردن و چاڵ هەڵکەندن بۆ یەکتر نییە، ئەگەر غیرەتمان جۆشا و ووتمان تکایە کامیرای چاودێری لەسەر تەوالێتەکان لابەن، بۆچی کامیرای چاودێری لەسەر سندوقی سکاڵا دانراوە؟ ئەگەر بە دلێرانە ووتمان نەک خۆمان، بەلکوو منداڵەکانیشمان لێرە مافیان هەیە، دڵنیام ئێوەش ئەوەندە سنورتان نەدەبەزاند، بێدەنگی ئێمە نەک هەر زیانی بۆ کەرامەت و ناوبانگی خۆمان هەبووە، زیانی بە ئێوەش گەیاندوە، ئەگەر غیرەتمان جۆشا و بێدەنگیمان شکاند، گەندەڵی ئێوەش بە پایان دەگات، ئەگەرغیرەتیش نەجۆشا، ئەوا نۆشی گیانتان بێت.
*مامۆستا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و ئەندامی مونتەدای ئابووری کوردستان .

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا