بەرپرسیارێتیی کۆمەڵ لەبەرامبەر پاراستنی ژینگە

فەیسەڵ عەلی
ژینگە ئەو شوێنەیە کە لێی دەژین وهەستی جێگیریی و دڵنیایی بە مرۆڤ دەبەخشێت، کەواتە ژینگە لانکەی مرۆڤە، هەر لاسەنگییەکی راستەوخۆ رەنگدانەوەی لەسەر مرۆڤ هەیە، زۆرێکی ئەو نەخۆشی و زیانانەی دوچاری مرۆڤ دەبنەوە و بەدەستییانەوە دەناڵێنێت، سەرچاوەکەی پیسبوونی ژینگەیە. مرۆڤ لە دوای شۆرشی پیشەسازییەوە تێبینی ئەو پاشاگەردانییەی کرد کە دەرئەنجامی ئەو پێشیلکارییانەی دەرهەق بە ژینگە کران وایکرد ئەو زەوییەی لەسەری دەژین بێتە شوێنێک کە قورس بێت بۆ ژیان، بەوەی کە هەندێک بوونەتە هۆکاری روودانی زۆرێکی کارەسات کە لە ئەنجامی بایەخنەدان بە ژینگە دروست بێت. لەبەر ئەوەی پرسی هەڵمەتەکان و یاسا و رێککەوتن و پەیماننامەکانی پەیوەست بە ژیگە بایەخێکی جیهانی هەیە، بایەخدان بە ژینگە بۆتە نیشانەی شارستانی بوونی ئەو کۆمەڵگانەی بایەخی پێ دەدەن، پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و ژینگە پەیوەندییەکی پتەوە، چونکە ژینگەی تەندروست واتە مرۆڤی ساغ و تەندروست.
مرۆڤ چۆن بایەخ بە ماڵەکەی خۆی دەدات و دەیپارێزێت، دەبێ بە هەمان ئاست بایەخ بە ژینگەش بدات، چونکە ژینگەی دەرەوە کاریگەریی دیاری لەسەر ژینگەی ماڵەکانمان هەیە، بە هەمان شێوەش ژینگە ماڵەکانمان هەمان کاریگەریی لەسەر ژینگەی دەرەوەمان هەیە، کاتێک توانیمان ماڵەکانمان پاک رابگرین بێگومان ئەوە رەنگدانەوەی لەسەر دەوروبەریشمان دەبێت و بۆ ئەویش هەر دەبێ وابکەین. بەداخەوە ئەم کۆمەڵگەیە زۆری ماوە بگاتە ئەو ئاستەی کە ژینگەی کۆڵانەکەی، گەڕەکەکەی، شارەکەی و وڵاتەکەی بە چاوی ماڵی خۆی تەماشا بکات. چونکە چونە سەیرانمان ئەو راستییەی بۆ هەمووان دەرخستوە، رەنگە هەموو ئەوانەی ئەوەش دەکەن لە هەموو کەس زیاتر دروشمی پاک وخاوێن و پاراستنی ژینگە بڵێنەوە.
لێرەوە گرنگە بایەخ بە هەندێک پرسی هەمەلایەن بدەین، لەوانە:
دەستنیشان کردنی هەموو ئەو هەڵسوکەوتانەی زیان بە ژینگە دەگەیەنن، بۆ نمونە، زۆری پاشەڕۆی پلاستیکی زیانێکی گەورە بە ژینگە دەگەیەنێت، کۆمەڵگە و حکومەتیش هەست بە بەرپرسیارێتیی ناکات سەبارەت بە بەکارهێنانی زیاد لە پێویستی ئاوی دەبە، لەکاتێکدا حکومەت پارەیەکی ئێجگار زۆر لە بەرهەمهێنان گواستنەوەی ئاو بۆ ماڵەکان خەرج دەکات، کۆکردنەوە و فڕێدان و لەناوبردنی ئەو بڕە ئێجگار زۆرەی دەبەی ئاوە تیچوونێکی ئێجگار زۆری دەوێت، وێرای زیانە زۆرەکەی بە ژینگە.
بایەخدان بە ژینگە دەکرێ بکرێتە مادەیەکی خوێندن و ناوەندی لێکۆڵینەوەی تایبەتمەندی بۆ دابمەزرێت و پرسی ژینگە بۆ پسپۆرییە زانستییەکان زیاد بکرێت، بۆ ئەوەی هەر لە سەرەتاوە لە کاریگەریی نەرێنی ئەو زانستانە لەسەر ژینگە بکۆڵرێتەوە، بۆ ئەوەی رێگری لە پیسبون و زیان گەیاندن بە ژینگە بکرێت.
هەوڵبدرێت بەردەوام هەڵمەتی پاراستنی ژینگە هەبێت و تەواوی کۆمەڵگە بهێنرێتە ناو ئەو هەڵمەتانەوە و میدیاکان بەبێ جیاوازی بەرنامەی تایبەت بە پاراستن و پاک راگرتنی ژینگەیان هەبێت.
زۆر زەرورە هەموومان بەشدار بین لە دەستنیشانکردنی سەرپێچی ژینگەیی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی لێ ئاگادار بکەینەوە، لەبەرامبەریشدا دەبێ حکومەت رێگەیەکی ئاسان و سانا بۆ ئەم کارە دابین بکات، بۆ ئەوەی هاوکارییەکی باش لە نێوان هەردوولا بۆ پاراستنی ژینگە بەدی بێت، بەجۆرێک هەموومان هەست بە کاریگەریی ئەو هەوڵانە بکات.
لەبەرامبەر بە سەرپێچییانەی بەرامبەر بە ژینگە دەکرێن، دەبێ لەڕێی هەڵمەت سەوزکردن و دار رواندن بە هاوبەشی لەگەڵ هاوڵاتیان ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی زیاتر بەرپرسیارێتی پاراستنی ژینگە بگرێتە ئەستۆ بەوەی بەشداربوویەکی کارای دروستکردنی ژینگە بووە، زیاد لەوەش سروشتی مرۆڤ وایە بەردەوام چاودێری ئەنجامی چالاکییەکانی خۆی دەکات، ئەمەش وا دەکات بەردەوام بیری لای بایەخدان بە ژینگە بێت.
کارکردن بۆ دەرکردنی یاسا و رێسای بۆ بە تاوان ئەژماردنی ئەوانەی زیان بە ژینگە دەگەیەنن، سزای توندیان بۆ دیاری بکرێت بەجۆرێک کە جارێکی تر بیر لە کارێکی لەو جۆرە نەکاتەوە.
بەکورتی، پاراستن و بایەخدان بە ژینگە پرسیکی ئێجگار گرنگە بۆ ژیانێکی ئاسودە وجێگیر لە کۆمەڵگە، لێرەوە گرنگیی دەستپێکردنی هەڵمەتێکی گەورەی میدیایی بۆ پاراستن و بایەخدان بە ژینگە دەردەکەوێت، وێڕای گرنگیی دەستنیشانکردنی سەرپێچییەکان و هاندانی کۆمەڵگە بۆ پاراستنی ژینگە لەڕێی پلان و بەرنامەی هەمەلایەنە کە هەستی بەرپرسیارێتی لای تاک و کۆمەڵگە سەبارەت بە ژینگە پتەوتر بکات. تاوەکو ژینگەکەمان بە پاک و جوانی بهێڵینەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا