پۆڵەتیك پرێس
بەوتەی پەرلەمانتارێكی عێراقی حكومەت لیژنەیەكی بۆ ئامادەكردنی رەشنوسی بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2022 پێكهێناوەو چاوەڕوان دەكرێت لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا رەشنوسەكە ئامادە بكرێت.
جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، حكومەت لیژنەیەكی بۆ ئامادەكردنی بودجەی ساڵی ٢٠٢٢ پێكهێناوە، هاوكات داوای لە لیژنەی دارایی كردووە ناوی نوێنەرەكانی خۆی بۆ ئەو لیژنەیە بداتە حكومەت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ناچاری كردوون ئەو هەنگاوە بنێن بۆ ئەوەی هیچ بۆ شاییەك دروست نەبێت، چونكە پێش وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان دەبێت پەرلەمان خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە.
باسی لەوەشكردووە، ئەگەر حكومەت بتوانێت لەو ماوەیەدا بودجە ئامادەبكات، ئەوا پەرلەمانی داهاتوو تەنها دەنگ لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە دەدات كە بۆ بودجە ئامادە دەكرێت.
بڕیارە مانگی 10ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، پێشتریش پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا چەند رۆژێك پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.