فراكسیۆنی گۆڕان: داوا دەكەین بە زووترین كات گۆڕان لە دەسەڵات بكشێتەوە

پۆڵەتیك پرێس

فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رەخنەی توند لەسیاسەتی ئێستای حزبەكەیان دەگرن و داواش دەكەن بەخێرایی لە حكومەت بكشێننەوە.

فراكسیۆنەكە لە بەیاننامەیەكدا دەڵێن، “ئەم دۆخەی ئێستای گۆڕان جا چ لە تەقلید كردنەوەی كەرەستەكانی حیزبایەتی و گوتارە رەسمییەكەی و چ لە شێوازی بەشداریی لە دەسەڵات، بووەتە مایەی نیگەرانی و توڕەییەكی گەورەی جەماوەری ناڕازی كە جاران پشتیوانی سەرەكی بون لێی دەشڵێن، “هەموو ئەمانەش بونەتە هۆی ئیحراجییەكی گەورەی ئێمە بەرامبەر بە دەنگدەرانمان”.

ئاماژە بەوەشدەكەن، جارێكی تر دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان سەرەڕای ناردنی 320 ملیار دینار لە بەغدا و سەرباری فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ بێ ناردنی یەك دینار و یەك بەرمیل نەوت بۆ بەغدا، جارێكی تر دوای دواكەوتنی زیاتر لە چل ڕۆژ، دەستی بردەوە بۆ بڕینی موچەی موچەخۆرانی هەرێم.

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا فراكسیۆنی گۆڕان جەخت لەوەدەكەنەوە، تا ئێستا نە داهاتی نەوت، نە داهاتی ناوخۆی هەرێم (داهاتی دەروازە سنورییەكان و باج و رسومات) شەفاف نین و، بەپێی زانیارییەكانیان هەریەك لەو داهاتانەیان زۆر زیاترن لەو بڕەی ڕاگەیەنراوە.

دەشڵێن، ئەوەی جێگای نیگەرانی قوڵی ئێمە و جەماوەرە دڵسۆزەكەمانە، ئەو بەشدارییە شەرمنانەیەی ئێستای گۆڕانە لەم دەسەڵاتە شكستخواردوەی هەرێم و دەستەوەستان و بێدەنگیی نوێنەرەكانێتی لەناو حكومەتدا لە بەرامبەر ئەجێندا دژە خەڵكەكەی دەسەڵاتی هەرێم.

لە كۆتایشدا رایدەگەیەنن، لە روانگەی بەرپرسیارێتیان بەرامبەر خەڵكی كوردستان و جەماوەری ناڕازی و گۆڕانخوازان، داوا دەكەین كە بە زوترین كات گۆڕان لەم بەشدارییە بێكاریگەریەی لە دەسەڵات بكشێتەوە و روبكاتەوە جەماوەرەكەی.

ئەو بەیاننامەیە دوای ئەوە دێت لەچەند رۆژی رابردودا حكومەتی هەرێم بڕیاریدا هاوشێوەی مانگی پێشوو مووچەی ئەم مانگەش بە لێبڕینەوە دابەش بكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا