پۆڵەتیك پرێس
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان دەڵێت، روفاتی 171 ئەنفالكراو لە پزیشكی دادی بەغدان و چاوەڕێدەكەین لە كاتێكی گونجاودا لە زێدی خۆیان بە خاكیان بسپێرن، دوای رەوینەوەی مەترسییەكانی كۆرۆنا.
عادل مەلا ساڵح بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: ساڵی رابردوو وەزارەتەكەمان شاندێكی رەوانەی بیابانەكانی سەماوە كرد، توانیمان بە هاوكاری دەزگای شەهیدانی عێراق یەكێك لە گۆڕە بەكۆمەڵەكان هەڵبدەینەوە، كە روفاتی 171 ئەنفالكراوی تێدایە و پشكنینی D.N.A یان بۆ كراوە و لە پزیشكی دادی بەغدا هەڵگیراون.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان وتی: بڕیارە دوای رەوینەوەی مەترسییەكانی كۆرۆنا ئەو روفاتانە بگەڕێنینەوە بۆ كوردستان و لە زێدی خۆیان بە خاكیان بسپێرین.
رۆژی 14ی نیسان 33 ساڵ تێپەڕبوو بەسەر تاوانی ئەنفالدا كە تیایدا زیاتر لە 182 هەزار كەس ئەنفالكران، داواكاری سەرەكی كەس و كاری ئەنفالكراوان و رزگاربووانی ئەو تاوانە هێنانەوەی روفاتی كەس و كارییانە لە بیابانەكانی خوارووی عێراق بۆ زێدی خۆیان.