پۆڵەتیک پرێس
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ کار بۆ دانانی پلانی کشانەوەی هێزەکانی لەئەفغانستان دەکات.
ئەنتۆنی بلینکن لەلێدوانێکدا لەبرۆکسل وتی: کاتی ئەوەیە هێزەکانمان لەئەفغانستانەوە بگەڕێنینەوە بۆ ئەمریکا و جەختی لەوەشکردەوە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەماوەی چەند سەعاتێکی دیکەدا قسەی خۆی لەمبارەیەوە دەبێت.
لەهەمانکاتدا بلینکن ئاماژەی بەوەکرد پێویستە هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ بەیەکەوە ئەفغانستان بەجێبهێڵن، وتیشی: لەهەفتە و مانگەکانی داهاتوو بەشێوەیەکی جددیتر کار بۆ کشانەوەی هێزەکانمان دەکەین و پێویستە لەسەر ئەو بنەمایە کاربکەین کە لەگەڵ ناتۆ دەستمانپێکرد و هەر بەیەکەوە کۆتایی بە مانەوەمان لەئەفغانستان بهێنین.
ئەوەش لەکاتێکدایە، نزیکەی حەوت هەزار سەربازی نائەمریکی لەناو ناتۆ لەئەفغانستاندا ماون، هاوکات ژمارەی سەربازە ئەمریکییەکان لەئەفغانستان لەئێستادا دوو هەزار و 500 سەربازە.