پۆڵەتیک پرێس
ڕۆژی چوارشەممە نەقابەی پزیشکانی عێراق ئاشکرایکرد، چەندین پزیشکی عێراقی کە لە وڵاتانی دەرەوە دەژین و پەنابەرن، دەیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان و بەخۆڕایی خزمەتبکەن.
لەوبارەیەوە جاسم عەزاوی، نەقیبی پزیشکانی عێراق ڕایگەیاند، دەیانەوێت بگەڕێنەوە وڵات و بەخۆڕایی کاربکەن و وتیشی: تەنیا لەبەریتانیا 60 هەزار پزیشکی ڕاوێژکاری هەیە و گەڕانەوەی ئەو پزیشکانە لەکاتێکدا ڕوودەدات ئەگەر ڕێزی تەواوەتی و ئاسایش و کاریان بۆ فەراهەمبکرێت.
عەزاوی بەمیدیاکانی عێراقی ڕاگەیاند، پەیوەندی بە ژمارەیەک پزیشکی عێراقی لەدەرەوەی وڵات کراوە و ویستی خۆیان بۆ گەڕانەوە بۆ عێراق دەربڕیوە و دەیانەوێت بەخۆڕایی خزمەتی تەندروستیی پێشکەشی هاوڵاتیانی عێراق بکەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ژمارەیەک پزیشکی ڕاوێژکاری عێراقی لەلەندەنی پایتەختی بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و ئەمریکا و ئوسترالیا کاردەکەن، بەڵام وڵاتەکەی خۆیان بەدەست کەمی پزیشکە ڕاوێژکارییەکانەوە دەناڵێنێت.