جەلال بەرزنجی: شیعر ڕاقیترین جۆری دەربڕینی ئەدەبییە

پۆڵەتیک پرێس- دیداری فەرهەنگی

سازدانی: دیار لەتیف 

جەلال بەرزنجی، لە ساڵی ١٩٥٣ لە هەولێر لە دایکبووە، لە سەرەتای حەفتاکانەوە دەنووسێت. دەیەی نەوەدەکان سکرتێری یەکییەتی نووسەرانی کورد و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری( نووسەری کورد) بووە. لە ساڵی (١٩٩٨)ەوە لە کەنەدا دەژییەت. ساڵی ٢٠٠٢ کۆمەڵەی دۆستایەتی کوردی/ کەنەدیی دامەزراندووە. هاوکات خەڵاتی ( ریز ئەواردی) وەرگرتووە. جگە لەوە تا ئێستا چەندین جار کتێبەکانی لە کەنەدا بوونەتە پڕ فرۆش و چەندین خەڵاتی کەنەدیی نێونەتەوەیی ئەدەبییان بردووەتەوە. لەوانە ساڵی ٢٠١١ لە کۆی ١٩٦ کتێبی وڵاتانی گێتی، (پیاوە بێجامە شینەکە)، خەلاتی(وایەڵد)، کە خەڵاتی یەکەم بووە بردووەتەوە. ساڵی ٢٠١٥ خەڵاتی( سالوت تو ئەکسیلنس)، ساڵی ٢٠١٦( هۆلە فێم) بۆ ئەدەب و هونەری پێ بەخشراوە. بەشداری دەیان کۆنفراسی ئەدەبی نێودەوڵەتی کردووە. دەیان شیعر و چاوپێکەوتنی بە ئینگلیزی لە گۆڤارە ناسراوەکانی کەنەدا بڵاو بووەتەوە. ئەندامی نووسەرانی نێودەوڵەتی، سەندیکای نووسەرانی زملبێرتا و کۆمەڵەی پیاسەی شاعیران و کۆمەڵەی شاعیرانی کەنەدایە.

لەم دیدارەدا لەسەر چەند پرسێکی پەیوەست بە ئەدەب بە گشتی و شیعر بەتایبەت گفتوگۆمان کردووە.

دیار لەتیف: ئایا وەک شاعیرێک لەگەڵ چی جۆرێک لە ناونیشاندان؟ ئایا چۆن ناونیشان هەڵدەبژێرن و  بایەخی ناونیشان بۆ دەق چییە؟ پێوەرەکانی شیعری باش چین؟ چی شیعرێک مەودابڕ و کات لەتکەرە؟ لەنێوان چی گوتن و چۆن گوتندا لایەنگری کامیان دەکەن؟  ئایا دەبێت هەموو شیعرێک خاوەن بابەتێک بێت؟ هەندێ دەربڕاو هەن، نا شیعریین سواون گوتەی ڕۆژانەن، چۆن شیعری کوردیی خۆی لێ بپارێزێت؟ یان بەجۆرێکیتر بێژین، ئایا پێویست دەکات شیعری کوردیی و ئەدەبی کوردیی خۆی لێ بپارێزێت؟ ئایا ڕاتان لەسەر کەم نووسی و زۆر نووسیی چییە؟ یان جۆرێکیتریش بپرسمەوە، چی لەبارەی کەم بڵاوکردنەوە و زۆر بڵاوکردنەوە بەیان دەکەن؟

جەلال بەرزنجی: لە گەڵ ئەو ناو نیشانەم کە لە گەڵ ناوەرۆک، یان پەیامی دەقەکە دێتەوە. بە زۆری ناونیشان دوای تەواو بوونی نووسینی دەق دادەنێم، بۆدۆزینەوەی ناو نیشانێک لە گەڵ دەقەکە هارمۆنیەتی هەبێت، جاری واهەیە، زۆرم پێدەجێت، زۆریان دەگۆڕم. هەندێک جاریش بە ئاسانی دێت. ناو نیشان بۆ دەقەکە بایەخی هەیە لای من وەک دەرگای چوونە ژوورەوەیە لە دەق! بە زمانێکی چڕ، سادە جوانی راوبکات وخۆشی و دڵنەوای بە مرۆڤ بدات  بیخاتە ئەتمۆسفیرێکی ئاشتی،  ئارامی و دیمەنەکان بێنە بەر چاو! لەهەمان کات وا بکات دیدی قوڵ و هەستی جوان  بکات. شیعری پاک، ئەوانەی بە دیدی مرۆڤایەتی دەنووسرێن و لە کاریگەری ئایدۆلؤژی،راستەوخۆی،  لە کلیشە دوورن، زمانیان هونەرییە رەنگدانەوەی هەستن  لە سەر جوانیەکانی دەوربەرمان  و ناکۆکیە ئاڵۆزەکانی ناوەوەمان و لە کاتی داهێنان دەژین وکاتی ئاسایی تێدەپەڕێنن.

هەردووکیان لای من گرنگن لە نووسینیش دەبێت،نووسەر شتێک بڵێت. یان پەیامێکی هەبێت،بەڵام دەبێت چۆنایەتی باش بێت و بە ستایلێکی هونەری و جیاواز بنووسرێت. خۆپاراستن لەو جۆرە شیعرانە دەوەستێتە سەر پێشینەی رۆشنبیری شاعیر،  کواڵەتی زمانی، خەیاڵی تەڕوتازەی و چۆنیەتی دنیا بینینی ئەگەر لە سەرەوە وبن وتەنک نەبن، بەرهەمیان جوان و زیندوو دەبێت!

هەڵبەتە، چونکە ئەگەر شتی سواو، کڵێشە و لاسایی ئەوانی تر بکەیتەوە و داهێنان نەکەیت و شتی جیاواز نەنووسیت،خۆت نیت، نازانم ئەوانە خۆیان نین  چۆن و تاکەی لە ژێر کاریگەری و پەراوێزی نووسینی ئەوانی تر دەنووسن؟ بەرای من باڵای داهێنان بە زۆر نووسین و کەم نووسین ناپێورێ، رامبۆ یەک کۆمەڵە شیعری هەیە، کاریگەری زۆری هەبوو، لە سەر شیعری مۆدێرنی فەرەنسی وسنووری فەرەنسای بڕی. ئێستە لە هەموو دنیا دەخوێندرێتەوە لە زۆر وڵاتان خراوەتە بەرنامەی خوێندن. زۆر نووسەریش هەن دەیان کتێبیان هەیە، زەمەن بڕناکەن. لای من چۆنایەتی ( کواڵەتی) گرنگە نەک چەندایەتی (کوانتەتی). کەم نووسین لەگەڵ کەم بڵاو کردنەوە جیاوازە، نووسەری واهەیە زۆر دەنووسێت، بەڵام کەم بڵاو دەکاتەوە. هی واش هەیە، ئەوەی دەینووسێت حەزدەکات، زوو بڵاو بکاتەوە. هەمنگوایی  دەڵێ” پێش ئەوەی بەرهەمەکانم بڵاو بکەمەوە ٢٠٠ جار پیایاندا دەچمەوە و پاک نووسیان دەکەم. رۆماننووس هەیە رۆمانێک بە شەش حەوت ساڵ دەنووسێت، بە بۆچوونی من پەلە هەم لە نووسین هەم لە بڵاو کردنەوە نەکەی لێگەڕێیت بەرهەمەکەت لە ناوەو پێبگات بۆ ئەوەی ئاماژەت بداتی تا بینووسیت. تێناگەم هی واهەنە چۆن دەتوانن رۆمانێکی قەبە بە ساڵێک یان کەمتربنووسن؟

دیار لەتیف: درەخت و شاعیر لە ڕوویەکەوە لێک دەچن، چۆن درەخت پێویستی بە ئاو و خۆرە، شاعیریش بۆ بەپێزکردنی دەقەکەی ئاتاجی بە مەعریفە و زانیارییە. ئایا کۆمەڵگە و مرۆڤی کوردی، بۆچی هەرگیز پێی خۆش نەبووە بە شاعیر بانگی بکەیت! ئاخۆ نەریتی خێڵ لە نیمچە دوورگەی عەرەبی، ڕەنگدانەوەی بەسەر ئاین و شیعر هەبووە؟ شیعر لە ئیسلامدا هەم نەخوازراوە، لەلایەکیتریشەوە ڕێپێدراو، بەتایبەت لەو وەختەی نەبێتە زیان بۆ سەربەهاکان! ئیسلام لەگەڵ شیعری چاکەخواز و بێگەرددایە و شیعرێک خزمەت بە ئاسمان بکات. هەرچەندە دەقی پیرۆز هەوڵی بۆ ئەوەدا ئەو نەریتە عەرابییەی پێش ئیسلام لەناوببات و خێڵ لە بەرامبەر بنەبڕکردندا وەستایەوە و تەنانەت ڕێساکانی خێڵ بووە هۆکاری دیسان چاکسازی لە سڕینەوەی کلتوور و کلتووری شیعریی ئەوکاتی دوورگەی عەرەبیی بەر لە ئیسلام، کە ئاسەوارەکانی بۆ ئێستاش درێژدەبێتەوە. ئیسلام توانی ژیانی کۆمەڵایەتی عەرەب بگۆڕێت، بەڵام لەگۆڕینی کلتووری ئەدەبییدا شکستی هێنا. ئایا ئەوە هێزی ئەدەبە بەرامبەر بە هێزی ئاین دەوەستێتەوە؟

جەلال بەرزنجی: لەبەر ئەوەی تێگەیشتنی کورد بۆ کەسیەتی شاعیر لاوازە،جاران جیاوازییان لە نێوان شاعیرو شایەر نەدەکرد. جگە لەوەش، هەتا ئێستە کەسانی وا هەنە شاعیربە کەسێکی دەست و پێ سپی، خەیاڵی و ناو هەورانە دەزانن و پێیان وایە شاعیران هەمیشە مەست وحەیرانن وەک پەپولە حەزیان لەدوری مۆمە.لەوەش سەیرتر چونکە دنیای واقعی وکڵێشە  شاعیران تێرناکات  مامەڵە لەگەڵ دنیای جوانی و فەنتازی دەکەن ، پێیان کەسی زۆر تەواو نیین.

لە بەرئەوەی شیعر هێز لە گیان، خەیاڵ و رەنگدانەوەی هەستی لە سەر ئاڵۆزییەکانی ناخی مرۆڤ و سروشت وەردەگرێت و راقی ترین جۆری دەربڕینی ئەدەبییە، بۆیە ئەو هێزانە لە هەوڵدان بۆ سڕینەوەی شکستیان هێناو شکست دەهێنن. هەتا ئەو ئایەتیەی لە کاتی بڵاو بوونەوەی ئیسلام لە دژی  ئەو شیعرانەی لە سەر بنچینەی قورئان نانووسرێن، خەون، راوکردنی جوانی و رامان سەرچاوەی  نووسینیانە نەیتوانی ئەو کارە بکات و کلتوری پێش ئیسلام کە شیعری جاهیلیە ، دوای ئیسلامیش شیعری هونەریە بسڕێتەوە.

*بەشێک لە بەرهەمەکانی جەلال بەرزنجی:

١ـ یادەوەری کەسێکی بەر با، شیعر، ٢٠٠٣.

٢ـ ناوم بنێن ماڵەوە، ٢٠٠٦.

٣ـ هەوڵدانێکی تر بۆ گرتنی مەوداکان، ٢٠١٠.

٤ـ هەردەمەی لەشوێنێک هەمیشە لە ماڵەوە، شیعر،٢٠١٩.

٥ـ پیاوە بێجامە شینەکە، یادەوەری، بە ئینگلیزی  لە کەنەدا و ئەمەریکا و ماڵپەڕی ئەمازۆن و دەیان مالپەڕی تر، ٢٠١١.

٦ـ هەڵبژادەیەک لە شیعرەکانی بە ئینگلیزی بە هەماهەنگی هەردوو زانکۆی ئەلبێرتا، لە کەنەدا و مەشیگان لە ئەمەریکا، بڵاو بووەتەوە، لەکورتە لیستی خەڵاتی باشتیرن دیوانی شیعری ٢٠١٥ بوو.

ڕۆمانی (گەشت بەڕێگەی خەون) و کۆمەڵە شیعری( لە سێبەری ڕەنگەکان) لە ژێر چاپدان و بە ئینگلیزی بڵاو دەبنەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا