لاهور شێخ جه‌نگی: پێویسته‌ قه‌ره‌بووی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان بكرێته‌وه‌

ئەم بابەتە 28 جار بینراوە

پۆڵەتیك پرێس

هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ پاڵ خۆڕاگریی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان، پێویسته‌ حكومه‌تی عێراق قەرەبوویان بكاتەوە و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم زۆرترین خزمه‌تگوزاریی بگه‌یه‌نێته‌ ناوچه‌كانیان.

لە یادی تێپەڕبوونی 33 ساڵ بەسەر قۆناغی یەكەمی شاڵاوی ئەنفالی گەلی کورد لە باشووری کوردستان لەلایەن رژێمی بەعسی ڕووخاوەوە، لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە.

لاهور شێخ جه‌نگی رایگەیاندووە، لە ساڵیادی مەرگەسات و تاوانی ئه‌نفالی به‌دناودا كه‌ ڕژێمی به‌عسی له‌ناوچوو بێڕه‌حمانه‌ دژی گه‌له‌كه‌مان ئه‌نجامیدا، یادی له‌ ده‌ستچوونی ئه‌و ئازیزانه‌مان دەکەینەوە کە لە شاڵاوەکانی ئەو تاوانەدا زیندەبەچاڵ کران کە تا ئێستاش بەشێک لە گۆڕەبەکۆمەڵەکان هەڵنەدراونەتەوە و ڕووفاتی قوربانییەکان نەگەڕێندراوەتەوە بۆ زێدی خۆیان.

دەشڵێت ” خۆڕاگریی کەسوکاری ئەنفال و تاقانەکان، فرمێسکیان گۆڕی بۆ هیوا، سڕینەوە و جینۆسایدی نەتەوەیەکیان گۆڕی بۆ بەهێزی ناسنامە و ئایندەیەکی گەشتر. لە پاڵ ئەو خۆڕاگرییەی ئەواندا ئەرکی هەمووانە کە کار بۆ نەهێشتنی ئاسەوارەکانی ئەنفال بکرێت، پێویستە کار بۆ بە نێودەوڵەتیکردنی ئەو تاوانە بکرێت، حکومەتی عێراق قەرەبووی کەسوکاریان بکاتەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم زۆرترین خزمەتگوزاریی بگەیەنێتە ناوچەکانیان”.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک