محەمەد مستەفا ـ پۆڵەتیك پرێس
لە ئیدارەی ڕاپەڕین لە دوو روداوی جیاوازدا كچێك خۆی خنكاند و كچێكی دیكەش برینداربوو.
شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ شەممە 13ی نیسان كچێكی تەمەن 23 ساڵی دانیشتووی گەڕەكی نەورۆزی قەزای رانیە لە ماڵەكەی خۆیان بە لەچكەكەی خۆی هەڵواسیوەو گیانی لە دەستداوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە روداوێكی دیكەدا لە ناحییەی حاجیاوای سەر بە قەزای رانیە، كچێكی تەمەن 16 ساڵ، لە ماڵەكەی خۆیاندا بە چەكی كڵاشینكۆف گولەیەكی ناوە بەخۆیەوەو بەسەختی بریندار بووە و ئێستا لە ژێر چاودێری پزیشكیدایە.
باسی لەوەشكرد، لەسەر ئەو دوو روداوە هیچ كەسێك دەستگیر نەكراوە، بەڵام پۆلیسی راپەڕین دەستی بەلێكۆڵینەوەی ورد كردووە.
بەپێی زانیاریەكان ئەو كچەی خۆی خنكاندووە خوێندكاری قۆناغی چوارەمی كۆلێژی پزیشكی گشتییە.