بەهۆی کۆرۆناوە سیەکانیان گۆڕی

پۆڵەتیک پرێس

کۆمەڵێک پزیشک لە یابان یەکەم نەشتەرگەری سەرکەوتویان تایبەت بە چاندنی سی لە جیهاندا بۆ نەخۆشێک کە دەناڵێنێ بەدەست تێکچوونی زۆری سیەکانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ڕاگەیاند.

نەخۆشخانەی زانکۆی کیۆتۆ لە یابان ڕایگەیاند، ئەو ژنەی نەشتەرگەریەکەی بۆ ئەنجام دراوە لە ناوچەی کانسای ڕۆژئاوای یابان بووە، نەشتەرگەریەکە بەنزیکی ١١ کاتژمێری خایاندووە، هەروەها ئەوەشیان خستەڕوو هاوسەرەکەی و منداڵەکەی کە پارچەیان لە سی خۆیان پێشکەش کردووە تەندروستیان جێگیرە.

زانکۆی کیۆتۆ باس لەوەش دەکات، یەکەم نەشتەرگەری چاندنەوەی سی بووە لە جیهاندا لە کەسانی خۆبەخشەوە بۆ کەسێک کە ڕوبەڕووی تێکچونێکی زۆری سیەکان بووە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

پزیشک هیروشی دیت پسپۆڕ لەبواری نەشتەرگەری سنگدا دەڵێت: ئێستا بۆمان دەرکەوتووە چاندنەوەی سی لە کەسانی خۆبەخشەوە وەک چارەسەرێک هیوایەک دەدات بەو کەسانی دوچاری تێکچونێکی زۆری سی بونەتەوە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

ژنەکە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو توشی کۆرۆنا بووە و کێشەی زۆری هەناسەدانی هەبووە، خراوەتە ژێر ئامێری هەناسەدانەوە بۆ ماوەی سێ مانگ بەهۆی تێکچوونی سیەکانیەوە، زانکۆی کیۆتۆ دەڵێت، دوای چاکبونەوەی لە کۆرۆنا سیەکانی وەکو پێشتر کاریان نەکردوە و توانای چاکبونەوەشی نەبووە، تاکە هەڵبژاردە بۆ ئەوەی لەژیان بمێنێتەوە چاندنی سی بووە.

هاوسەرەکەی و منداڵەکەی بەشێک لە سی خۆیان پێداوە، بەجۆرێک هاوسەرەکەی بەشێک لە سی چەپ و کوڕەکەشی بەشێک لە سی ڕاستیان پێ بەخشیوە، نەشتەرگەریەکەش لە نەخۆشخانەی زانکۆی کیۆتۆ لەلایەن کۆمەڵێکەوە کە پێکهاتبون لە ٣٠ ئەندام و دیت وەک پزیشکی سەرپەرشتیار ئەنجام دراوە.

پزیشکەکان دەڵێن، چاوەڕوان دەکرێت دوای دوو مانگی دیکە نەخۆشخانە جێبهێڵێت و دوای سێ مانگی دیکەش بگەڕێتەوە بۆ ژیانی ئاسای خۆی.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک