سەركردەیەكی یەكێتی: پارتی بە فەرمانی توركیا ناگەڕێتەوە بۆ كەركوك

پۆڵەتیك پرێس

لێپرسراوی مەڵبەندی دووی كەركوكی یەكێتی نیشتمانی چەند نهێنییەك ئاشكرا دەكات لەسەر هۆكاری نەگەڕانەوەی پارتی بۆ كەركوك و دەڵێت، پارتی بۆیە ناگەڕێتەوە رێككەوتنی ژێر بە ژێری هەیە لەگەڵ توركیا، بۆیە كەركوك بووەتە قوربانی حزبێكی دیاری كراو و تا ئەو حزبە بمێنێت، ناهێڵێت كورد لە كەركوك خاوەنی قەوارەی خۆی بێت.

محەمەد عوسمان لێپرسراوی مەڵبەندی دووی كەركوكی یەكێتی لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: ریفراندۆم كارەساتێكی گەورەی بەسەر ناوچە كێشە لە سەرەكاندا هێنا، ئەو كارەساتەی سەرەنجامی ریفراندۆم بەسەر ناوچەكانی داقوق و دوز و كەركوك هات یاخوا بەسەر هیچ شوێنێك نەیەت، ئەمە وایكردووە بەشێك لە حزبە سیاسییەكان خۆیان بەشێك بن لەم پرۆسەیە بۆیە دوای ریفراندۆم چۆڵیانكرد و چوون بۆ هەولێر، بەشێك لەو پۆستانەی كەركوك كورد خۆی جێیی هێشتووە و وادەزانم لەدەستیشمان چووبێت.

لێپرسراوی مەڵبەندی دووی كەركوكی یەكێتی وتی: حكومەتی توركیا بە پارتی وتووە بۆتان نیە بچنەوە كەركوك لە بەرامبەردا ئێمە پەكەكەتان لە بادینان بۆ دەردەكەین، پارتی و توركیا لەسەر كەركوك رێككەوتنی ژێر بە ژێریان كردووە، بۆیە كەركوك بووەتە قوربانی حزبێكی دیاری كراوی كوردستان و تا ئەو حزبە بمێنێت، ناهێڵێت كورد لە كەركوك خاوەنی قەوارەی خۆی بێت.

ئەو بەرپرسەی یەكێتی وتیشی: هەڵوێستی ئێمە وەكو یەكێتی ئەوەیە لە كەركوك دەمێنینەوە و كورد بەجێ ناهێڵن، ئێمە حزبێكی گەورەین لە كەركوك بە ئاڵاخانەوە خاوەنی حەوت كورسی پەرلەمانین، دەیان پلە و پۆست لای یەكێتییە لە كەركوك، بەڕێوەبەرایەتییەكی گەورەی ئاسایشمان هەیە، نزیكەی 50 بۆ 60 بارەگامان هەیە بۆیە هەركەس بیەوێت غەدر لە كورد بكات لە كەركوك هێشتا لە دایك نەبووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا