پۆڵەتیك پرێس
وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی ئاشكرای كرد، لە بەرنامەیاندایە سەنتەرێكی تایبەت بە چارەسەركردنی ئالودەبووانی ماددەی هۆشبەر دروست بكەن، چونكە لە هەموو دنیادا وەكو نەخۆش مامەڵە لەگەڵ ئالودەبوواندا دەكرێت، تەنها لە هەرێمی كوردستان وەكو تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵدەكرێت.
كوێستان محەمەد وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەگەرییدا رایگەیاند: تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان یاسایەك نییە تایبەت بە بەڕێوەبەرایەتی چاكسازییەكان ئەوەی هەیە تەنها پەیڕەوێكە ئەنجومەنی وەزیران دەریكردووە.
وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی وتی: ئێمە دەمانەوێت یاسایەك هەبێت تایبەت بە چاكسازییەكان لە هەرێمی كوردستان تێڕوانینی ئێمە وەكو وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی و كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم ئەوەیە كە سزا دراوەكان چاكسازییان تێدابكرێت شیاندنەوەیان بكرێت و بخرێنەوە ناو كۆمەڵگە، بۆیە پێویستمان بە یاسایەكی سەردەمییانە هەیە.
باسی لەوەشکرد، لە دنیادا ئەوانەی ئالودەی ماددەی هۆشبەربوون وەكو نەخۆش مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت و دەخرێنە ژێر چارەسەری پزیشكییەوە، لەلای ئێمە وەكو تاوانبار تەماشا دەكرێن و سزدا دەدرێن.
روونیشیكردەوە، لەو یاسایەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەركراوە دەبێت سەنتەرێك دروست بكرێت بۆ چارەسەری ئەوانەی ئالودەی ماددەی هۆشبەرن، بۆیە لە پرۆژەكانی ساڵی 2021 ی حكومەتدا داوامانكردووە ئەم سەنتەرە دروست بكرێت و لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ كونسوڵی ئەمریكاش داوامانكردووە هاوكارمان بن بۆ دروستكردنی ئەم سەنتەرە.