“عێراق ساڵانە 100 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لەدەستدەدات”

پۆڵەتیک پرێس

بەپێی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، ساڵانە عێراق بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوای جیهان و ناوچەکە و زۆر بەکارهێنانی زەوی و سیستمی ئاودێری کە بوونەتە هۆکاری سوێربوونی خاک، نزیکەی 100 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لەدەستدەدات.

لەوبارەیەوە عەلی حەنوشی ئەکادیمیست لە ناوەندی توێژینەوەی وشکانی لە زانکۆی موسەنا رایگەیاند، کێشەکانی بەبیابانبوون لە عێراق بەگشتی و پارێزگای موسەنا بەتایبەتی پێویستی بە بەرنامەیەکی نیشتیمانی درێژخایەن هەیە بۆ رووپێوکردنی سەرچاوەکانی ناوچەکە و کارکردن بۆ گەشەپێدانیان.

لەلایەکی دیکەوە، شارەزایانی نەتەوەیەکگرتووەکان پێشبینی دەکەن، دیاردەی بەبیابانبوون و وشکەساڵی لە عێراق بەرەو زیادبوون بچێت بەهۆی کەمی بارانبارین و کەمکردنەوەی رێژەی ئاوی عێراق لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە لەسەر روبارەکانی دیجلە و فورات، ئەمەش دەبێتەهۆی کەمکردنەوەی رووبەری کشتوکاڵی لە عێراق بۆ نیوەی رێژەی ئاسایی خۆی.

ئەوەش لەکاتێکدایە زستانی ئەمساڵ، بەشێوەیەکی گشتی رێژەی بارانبارین لە عێراق لە ئاستی پێویستدا نەبوو هەتا سەرجەم پێداویستییەکانی کشتوکاڵ و رووبەرە کشتوکاڵییەکان پڕبکاتەوە.

 

 

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک