پەروەردەی داعشەکان

پێشتر چەند جارێک جەختمان لەوە کردۆتەوە کە داعش، سەرەڕای تێکشکانی سەربازی و لەدەستدانی پانتاییەکی بەرفراوانی جوگرافی و نەمانی خەلافەتەکەی، بەڵام هەر ماوە و چەکدارەکانی، لێرەو لەوێ، هەر بەردەوامن لە سەر چالاکییە تیرۆریستییەکانیان و شانە نووستووەکانیشیان، چ لەنێو پانتایی دنیای ئەلیکترۆنی بێت، یان لەسەر زەمینەی واقیع، بەردەوامن لەسەر هەوڵدان بۆ راکێشانی ئەوانەی دەتوانن بەرەو بیری توندڕەوی و ئەندامێتی لە ڕێکخراوەکەیان رایبکێشن! لایەنێکیتری داعش کە کەمتر ئاماژەی بۆ دەکرێ و زۆر مەترسیداریشە، مەسەلەی پەروەردەکردنی داعشەکانە، لەلایەن سەرکردەکانی رێکخراوی داعشەوە.

هەر چەند مانگێک پێش ئێستابوو هەواڵیک بڵاوبوەوە لەبارەی کتێبخانەیەکی ئەلیکترۆنیی گەورە و نهێنیی سەر بە رێکخراوی داعش، کە هەزاران کتێب و بەڵگەنامە و فیلم و وێنەی تێدایە و هەر ئەو کاتەش شارەزایانی بواری تیرۆر هەواڵەکەیان پشتڕاستکردەوە! بەڵام ئایا تا ئێستا توانراوە زەفەر بەم کتێبخانەیە ببرێ و رێگری بکرێ لەوەی ببێتە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی پەروەردەکردنی ئەندامانی داعش، بڕوا ناکەم و گومانم هەیە! هەڵبەت رێکخراوی داعش بەگشتی و سەرکردەکانیشی بەتایبەت، سەرەڕای بایەخی زۆریان بە پەروەردەی سەربازیی ئەندامانیان، کەچی گرنگییەکی زۆریش دەدەن بە پەروەردەکردنیان لەڕووی دینی و عەقیدەییەوە، کە ئەمەش واتا پەروەردەیەکی حزبی بەپێی ئەو پرۆگرام و کتێبانەی کە دەبنەهۆی ئامادەکردنی ئەندامانیان لەڕووی عەقیدەییەوە و لەلایەن سەرکردەکانیانەوە ئەو پرۆگرامە دادەندرێ و کتێبەکانیش دیاریدەکرێن.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی بوونی ئەو کتێبخانە ئەلیکترۆنییە گەورەیەی داعش، بەڵگەیە کە سەرانی داعش لەعیراق و ناوچەکە و جیهان، بایەخێکی زۆر بە چەکدارکردنی داعشەکان لەڕووی عەقیدەیی و فیقهییەوە لەڕێگەی کتێب و وێنەو ڤیدیۆوە، دەدەن!

پێشتر چەند جارێک جەختم لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە شکاندنی داعش تەنیا لەڕێگەی جەنگ و بەرەنگاربوونەوەی سەربازییەوە نابێ، بەڵکو لەمە گرنگتر، تێکشاندنیەتی لەڕێگەی شەڕی فیکرییەوە، لەڕێگەی بنەبڕکردنی ئەو هۆکارانەوە کە بوونەتە زەمینەیەک بۆ گەشەکردنی داعش، لەڕێگەی لەناوبردنی ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییەوە کە داعش لێی سودمەندەو دەبێتە هۆی گەشەکردنی، بەڵام ئایا هیچ هەنگاوێک بۆ ئەم هەڵمەتە گرنگە نراوە؟ ئەویش هەر لێی بەگومانم و ئەگەر هەوڵیش لەوبارەیەوە درابێ، ئەوا دڵنیام لەو ئاستەدا نەبووە کە لەسەر زەمینەی واقیعدا کاریگەریی بەکردەوەی هەبووبێ.

گروپە تیرۆریستییەکان، بەداخەوە، هەوڵیانداوە و هەوڵیشدەدەن ئەو تاکانەی کۆمەڵ بقۆزنەوە کە گرفتی خێزانی و کۆمەڵایەتی و بژێوی و تەنانەت بۆشایی فیکریشیان هەیە و پاش ماوەیەک پەروەردەکردن و سەرمەستکردن بە بەدەستهێنانی بەهەشتی ئەو دنیا و پوچیی ژیانی ئەم دنیایە لەخشتەیان دەبەن و ئامادەیان دەکەن بۆ کاری تیرۆریستیی نامرۆڤانە، هەڵبەت ئەمەش لەڕێگەی شوشتنەوەی مێشکیانەوە، کە کتێب و وێنەو ڤیدیۆی نێو کتێبخانەی ناوبراو، بەدڵنیاییەوە یارمەتیدەری بنەڕەتییانە بۆ ئەم پەروەردەیەی ئەندامان، کە باوەڕیان پێهێنراوە ئەو تاوانەی ئەوان بەرانبەر بە خەڵکی بێتاوان دەیکەن، واجبێکی شەرعییەو لەپێناوی سەرخستنی دینی ئیسلامە! چەتەکانی داعش تائێستا لەڕێگەی ئەندامانی پەروەردەکراویانەوە توانیویانە گەلێ تاوانی قێزەونی نامرۆڤانە بەرانبەر بە خەڵکی بێتاوان بکەن لەبن چەتری بیانووی شەرعی و فیقهییەوە و بەردەوامبوونیان لەسەر ئەم پەروەردەکردنەی ئەندامانیان لەڕووی دینی و عەقیدەییەوە، بەردەوامبوون و درێژەدانە بەڕشتنی خوێنی خەڵکی بێتاوان، لەهەمان کاتیشدا چارەسەرکردنی ئەو هۆکارانەی دەبنە ژینگەی یارمەتیدەری گەشەکردنی داعش، وەک باشکردنی بژێویی خەڵک، نەهێشتنی قەیرانەکانی ئابوری و سیاسی و .. هتد، زامنکردنی ژیانێکی ئارامە بۆ خەڵک!

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا