پۆڵەتیك پرێس:
محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی سلێمانی كردو ئامانجی سەردانەكەشی تاوتوێكردنی چەند تەوەرێكی جیاوازە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان.
محەمەد حەلبوسی ئێوارەی رۆژی چوار شەممە 19ی ئاب، لەرێگەی فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە گەیشتە شاری سلێمانیو لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كۆبوونەوەی كردو بڕیارە كۆبوونەوەش لەگەڵ چەند لایەنێكی تر بكات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بە “پۆڵەتیك پرێس”، ئامانجی سەردانەكەی حەلبوسی تاوتوێكردنی پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراقو هەمواری یاسای هەڵبژاردنو پێكهێنانی دەستەی سەرۆكایەتی دادگای فیدراڵی عێراقە.
هەر بەپێی سەرچاوەكە، حەلبوسی دەیەوێت ئەو پرسانە لەگەڵ سەرۆك كۆمارو لایەنەكانی تر، بەتایبەتی یەكێتی نیشتمانی تاوتوێ بكات، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە لەگەڵ هاوسەرۆكانی یەكێتی كۆببێتەوە.
سەردانەكەی حەلبوسی لەكاتێكدایە، ماوەی رابردوو مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، 6ی حوزەیرانی 2021ی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دیاریكردو بڕیارە پەرلەمانی عێراقیش بۆ ئەو مەبەستە یاسای هەڵبژاردن هەموار بكاتەوە.