بەکارهێنانی مادە هێورکەرەوەکان رەنگە ببێتە هۆی کەڕبوون

پۆڵەتیک پرێس

توێژینەوەییەکی نوێی زانکۆی رۆتجەرز لە ویلایەتی نیوجێرسی ئەمریکا ئاشکرای کردووە بەکارهێنانی مادە هێورکەرەوەکان بەتایبەت ئەگەر بە رێژەیەکی زۆر بێت رەنگە ببێتە هۆی کەڕبوون .

توێژینەوەکە لەسەر ٤١ کەس ئەنجامدراوە کە مادە هێورکەرەوەکانیان بەکارهێناوە و بە دەست لەدەستدانی توانای بیستنەوە ناڵاندویانە کە بەهۆی ژەهراویبوونی گوێیەکانیانەوە بووە.

لەو ٤١ کەسە زیاتر لە نیوەیان مادەی هیرۆیین و ئەوانی دیکەش مادەکانی ئۆکسیکۆدون و میسادۆن و ترامادۆڵیان بەکارهێناوە.

لە کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی توێژینەوەکەیان لەسەر ئەنجامدراوە ١٢ کەسیان تووشی کەڕی بوون ، ١٥ کەسیشیان بەشێوەی تەواو یاخود مامناوەندی توانای بیستنیان لەدەستداوە، ١٠ کەسیشیان تووشی لەرینەوەی گوێکانیان بوون، چوار کەسیشیان چەند نیشانەیەک لەوانەیان پێکەوە هەبووە.

لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە بەشداربووانی توێژینەوەکە چاکبوونەتەوە و توانای بیستنیان بۆ گەڕاوەتەوە بەڵام بەشێکی دیکەیان بەتەواوی توانای بیستنیان لەدەستداوە، سەدا ٢١ یشیان دوای دەرچوونیان لە نەخۆشخانە توانای بیستنیان چاک نەبووەتەوە.

لویس نیڵسۆن، یەکێک لەو پسپۆڕانەی توێژینەوەکەی ئەنجامداوە، دەڵێت، ” پێکهاتە ئاڵۆزەکەی گوێی ناوەوە تووشی پێکان دەبێت ئەگەر بەشێوەیەکی پێویست ئۆکسجینی پێنەگات، ئەوەش بۆ کاریگەری راستەوخۆی مادە هێورکەرەوەکان لەسەر ژەهراویبوونی گوێ دەگەڕێتەوە”.

لەلایەکی دیکەوە دیان کالیلۆ رایگەیاندووە، لەگەڵ ئەوەی جەختی توێژینەوەکە زیاتر لەسەر مادەی هیرۆیینە بەڵام ئەکرێ هەموو مادەیەکی ئەفیونی گوێیەکان تووشی ژەهراویبوون بکەن”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا