پۆڵەتیك پرێس
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت “تێپەڕاندنی بودجە دەستكەوتێكی گرنگە بۆ خەڵكی عێراق و هەرێمی كوردستان، وەك حكومەت ئامادەین ئەركەكانمان جێبەجێبكەین، دابینكردنی موچەش لە پێشینەی كارەكانمان دەبێت”.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا وتی: تێپەڕاندنی بودجە دەستكەوتێكی گرنگە بۆ خەڵكی عێراق و هەرێمی كوردستان بەڵام ئەم بابەتە بەسیاسی كرا، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئامادەیە ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات، ئەوەی پێمان بكرێت بۆ دابینكردنی شایستەداراییەكان دەیكەین.
وتیشی”هەموو هەوڵێك دەدەین بۆئەوەی پێش هەموو شتێك موچە بەخەڵك بدەین، پرۆژەیاسای چاكسازیش بەدەوام دەبێت و داهاتەكان زیاددەكەین، پابەندی یاسای بودجە دەبین، داوامان لەسەرجەم وەزارەتەكان كردووە خۆیان ئامادەبكەن بۆ چۆنێتی جێبەجێكردنی یاسایی بودجە”.
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەكرد، چاوەڕوانی حكومەتی عێراقین شایستەداراییەكان بۆ مانگەكانی 3،2،1 بنێرێت، هاوكات شاندی هەرێم هەموكات ئامادەیە سەردانی بەغدا بكات.
مەسرور بارزانی لەبارەی هاوكاری هاوپەیمانان و ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاماژەی بەوەكرد، كوردستان بەردەوام پێویستی بەهاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەبێت، كۆرۆناش بەخێرای بڵاودەبێتەوە، پێكوتەی كۆرۆنا هاووڵاتیان دەپارێزێت.