پۆڵەتیك پرێس
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازە یاسای (هاوردەکردنو فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان بكات، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت “حیکمەتی گەورە لە جێبەجێکرنیدایە وەکخۆی”.
عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە نوسینێكدا كە وێنەیەكی بۆ پۆڵەتیك پرێس نێردراوە رایگەیاندووە، خودی پێشنیازە یاساکە کە ئامانجی ڕێکخستنی کاری کۆمپانیاکانی هاوردەکردنو فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکانو ڕێگەگرتنە لە بەرهەمی نەوتی خراپ، و ستانداردکردنی بەرهەمە نەوتییەکانو رێگەگرتن لە قۆرخکارییو ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان لەبەردەم کەرتی تایبەتدا بۆ بازرگانی لەم بوارەدا، گرنگەو جێگەی ئومێدە، بەڵام حیکمەتی گەورە لە جێبەجێکرنیدایە وەکخۆی.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، ئەم پێشنیازە یاسایە وابەستەیە بە کاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانو بەرپرسیاری دەرکردنی ڕێنمایی و جێبەجێکردنی یاساکەیە، ئەو وەزارەتەی کە بووەتە بەشێکی سەرەکی کێشەکانی هەرێمی کوردستان.
عومەر گوڵپی ئاماژەی بەوەكردووە، پرسیاری گرنگ ئەوەیە: دوای دەرکردنی ئەم یاسایە چی؟ ئایا قۆرخکاریی لە بواری بازرگانی نەوتو سوتەمەنی کۆتایی دێت؟ ئایا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە خێراییو بێلایەنانە ئەم یاسایە جێبەجێدەکات؟ یان نەخێر وەک یاسای (سندوقی کوردستان بۆ داهاتە نەوتیو گازییەکان) لە ڕەفەکانیدا هەڵیدەگرێتو داهاتی نەوت بە نادیاری دەمێنێتەوە؟
ئەو پەرلەمانتارە جەختدەكاتەوە، كە كار بۆ ئەوە دەکەن، ئەو فەوزایەی لە بواری نەوتو سوتەمەنی هەیە کۆتایی پێبهێنرێت، بەڵام ئەو بابەتە ئیرادەیەکی سیاسی بەهێزی دەوێت کە تا ئیستا لە دایک نەبووە، دەزگای نیشتیمانی بەهێزی دەوێت، چونکە فەوزای نەوتو بازرگانی سوتەمەنی دەرفەتێکی گەورەی بۆ دەوڵەمەندبوونی نایاساییانەی کۆمپانیا حزبییەکانی هەردوو حزبی دەسەڵات ڕەخساندووە، و هێزەکانی دەسەڵات لە ژێر هەیمەنەی چەکی حزبیاندا سەرقاڵی بازرگانییەکی بێ بەزەیین کە بێجگە لە زیانی ماددی لەسەر داهاتی کوردستان، زیانی تەندروستیشی بۆ خەڵک بەدوای خۆیدا هێناوە.