شێوازی پێدانی تابلۆی ئۆتۆمبێلە خوار مۆدێلەكان رادەگەیەنرێت

ئەم بابەتە 23 جار بینراوە

پۆڵەتیك پرێس- عەلی حەمە سەعید

بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە ئاشكرایدەكات، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەزارەتی ناوخۆ شێوازی پێدانی تابلۆ بەو ئۆتۆمبێلانە رادەگەیەنێت كە خوار مۆدێلن، دەشڵێت، “تائێستا 19 هەزار لەو ئۆتۆمبێلانە تۆماركراون”.

عەمید حەسەن عەبدوڵا بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، لە ئێستادا ئەو وادەیە كۆتایهاتووە كە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم دیاریكردبوو بۆ تۆماركردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە هیچ سەرەتایەكیان نییە و بە ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل ناسراون، تائێستاش لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێم زیاد لە 19 هەزار ئۆتۆمبێلی لەو جۆرە تۆماركراون.

وتیشی، “لەچەند رۆژی داهاتوودا لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە شێوازی پێدانی تابلۆ بەو ئۆتۆمبێلانە رادەگەیەنرێت، بەتایبەت ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە هیچ كێشەیەكی یاساییان نییە و بڕاوە نین و ژمارەی شانسیان تەواوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، تۆماركردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم لەسەر داوای ئەوان بووە، مەبەستیشیان لەو داواكارییە بۆ ئەوەبووە كە تابلۆ بدرێتە ئەو ئۆتۆمبێلانە و وەك هەر ئۆتۆمبێلێكی دیكەی ئاسایی ناویان لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆی پارێزگاكانی هەرێم تۆمار بكرێت.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک