پۆڵەتیك پرێس:
فەرماندەیەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان ڕۆژی چوارشەممە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی بۆ پارێزگای كەركوك رەتكردەوەو باسی لەوەش كرد، تەنیا هەماهەنگی لەنێوانیان بۆ شەڕی داعش هەیە.
لەو بارەوە لیوا تەحسین ئەلخەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی عێراق رایگەیاندووە، هیچ بەرنامەیەك نییە بۆ گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ شاری كەركوك.
لیوا تەحسین ئەلخەفاجی راشیگەیاندووە، ئەوەی ئێستا لەبەرنامەدایە ئەوەیە، كە پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەموو لایەنی پەیوەندیدار و هێزە ئەمنییەكانی پارێزگاكەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش.
لەبارەی سەردانی جێگری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لەگەڵ فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی بۆ كەركوك رایگەیاند، سەردانەكە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی تەحەدای ئەمنی و كێشەكانی نیگەرانی هاووڵاتیان لەپارێزگاكە بووە.
ئەلخەفاجی، هەروەها ئاشكرایكرد، كە هەماهەنگییەكی زۆر هەیە لەنێوان هێزە فیدراڵییەكان و پێشمەرگە لەسەر دۆخی كەركوك و هەماهەنگی لە شەڕی دژی تیرۆر و تەحەدای ئەمنی، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانیش ئاسۆیەكی ستراتیژیان هەیە لە مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخی كەركوك.
ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەیەكە دەنگۆ هەیە، كە هەرێمی كوردستانو عێراق رێككەوتوون، بۆ گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، بۆ ناو كەركوك، كە لەساڵی 2017وە لەو شارە كشاونەتەوە.