موچەی هەشت هەزار پێشمەرگە بەنادیاری ماوەتەوە

پۆڵەتیك پرێس

هەرچەندە بڕیاری پێدانی سێ موچە بە لیواكانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە درا، بەڵام دوو لیوایان تەنها دوو موچەیان بەبێ لێبڕینەوە پێدراوە كێشەكەشیان وەك خۆی ماوەتەوە.

لەسەرەتای ئەم مانگە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم دەستی بەدابەشكردنی سێ موچەی لیواكانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە كرد، بەڵام بەپێی زانیاریەكان هەردوو لیوای نۆ و هێزەکانی لیوای 12ی وەزارەتی پێشمەرگە تەنها دوو موچەیان پێدراوە و چارەنوسی موچەیەكی دیكەیان بە نادیاری ماوەتەوە.

سەرچاوەیەك لەفەوجی یەك لەلیوای 12ی پێشمەرگە بۆ پۆڵەتیك پرێس رایگەیاند، ئێمە تەنها دوو موچەمان وەرگرتووە، واتە بۆ هەر مانگێك یەك موچەمان بەبێ لێبڕین وەرگرتووە، كێشەكەمان وەك خۆی ماوەتەوە و چارەسەرنەكراوە، بەڵام وەزیر لەسەرخەتە بۆ چارەسەركردنی.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی، هۆكاری دروستبوونی كێشەی موچە پەیوەندی بە تۆمەتباركردنیان بە دیارنەمانی ژمارەیەك داعشەوە هەیە لە ساڵی 2016، كە لە سنوری تەلەعفەر بون، لەوێ كاتێك داعش لەناوبرا ئەوانەی مابونەوە خۆیان رادەستی پێشمەرگە دەكرد ژمارەیەكی زۆریان بێسەروشوێنكران، لە ئێستاشدا خێزانی ئەو داعشانە لە UN لە بەغدا سكاڵایان لەسەر تۆماركردووین بەو هۆیەوە كێشەی موچەمان بۆ دروستكراوە، لیوای نۆش كە لە سنوری داقوق بوون هەمان كیشەیان بۆ دروستكراوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، كۆی ئەو پێشمەرگانەی ئەو كێشەیان بۆ دروستكراوە نزیكەی هەشت هەزار پێشمەرگەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا