پۆڵەتیك پرێس
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بڕیاریدا بە داخستنی بازگەکانی پارێزگاکە لەگەڵ پارێزگاکانی کەرکوک و موسڵ، هاوكات هاتوچۆكردنیش لە بازگەكان سنورداردەكات.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیاردراوە بە داخستنی بازگەکانی پارێزگای هەولێر لەگەڵ پارێزگاکانی کەرکوک و موسڵ، داواش لەسەرجەم هاووڵاتییانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و خواری عێراق دەکەن بەهیچ شێوەیەک خۆیان لەڕێگا نەدەن بۆ هاتنە شاری هەولێر، چونکە ڕێگەیان پێنادرێت.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، ، تەنها رێگە دەدرێت بە ئاژانس و رێكخراوەكانی (UN)، رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان، هاوپەیمانان، دیپلۆماتكاران، شاندە فەرمییەكان، ئەو هاوڵاتییانەی نیشتەجێی شاری هەولێرن، ئەوکەسانەی نەخۆشن و پێویستیان بە چارەسەری هەیە لە نەخۆشخانەكانی هەولێر لەگەڵ بازرگانان و وەبەرهێنەران.
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەشكردووە، كاری بازرگانی لە نێوان پارێزگای هەولێر و پارێزگاكانی تری ناوەڕاست و خواروی عێراق بەردەوام دەبێت بە لەبەرچاوگرتنی تەواوی رێكارەكانی خۆپارێزی.